لە هەرێمی کوردستان نرخی هێلکە دادەبەزێت

رووداو دیجیتاڵ

نرخی کارتۆنێک هێلکە لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بۆ 53 هەزار دینار دابەزی، لەکاتێکدا مانگی رابردوو نرخەکەی گەیشتبووە 68 هەزار دینار. بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت، هێلکەی نێوخۆ زۆرە و خواستیش لەسەری کەمبووەتەوە.
 
سەرەتای ئەمساڵ بەهۆی؛ ناجێگیریی بەهای دۆلار، گرانبوونی بەهای ئالیک و هەناردەکردنی هێلکە بۆ دەرەوەی عێراق، نرخی کارتۆنێک هێلکە لە هەرێمی کوردستان گەیشتبووە 75 هەزار دینار؛ دواتر و لە مانگی رابردوو، نرخەکەی بۆ 68 هەزار دینار دابەزی. 
 
سۆران عەبدولغەفوور، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی سلێمانی ئەمڕۆ (دووشەممە، 13ـی ئاداری 2023) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هێلکە نرخەکەی زۆر دابەزیوە. ئەمڕۆ کارتۆنێک بە 52 بۆ 53 هەزار دینارە".
 
هەر کاتۆنێک هێلکە 12 تەبەقەی تێدایە. ئەمڕۆ لە بازاڕەکانی هەولێر و سلێمانی تەبەقەی بە چوار هەزار و 500 دینار دەفرۆشرێت. سەرەتای ساڵ تەبەقەی بە شەش هەزار و 500 دینار بوو.
 
سۆران عەبدولغەفوور لەبارەی دابەزینی نرخی هێلکە گوتی: "بەرهەمی نێوخۆیی هێلەکەمان زۆرە؛ ئێستاش بەرهەمێکی زۆر لە بازاڕەکاندایە و ئەوەش هۆکاری دابەزینی نرخەکەیەتی".
 
ئەمڕۆ فیراس سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، هۆکارێکی دیکەی دابەزینی نرخی هێلکە بۆ زۆریی بەرهەمی نێوخۆیی دەگەڕێتەوە، هەروەها کە بەرەو وەرزی گەرما دەڕۆین، خواست لەسەر هێلکە کەم دەبێتەوە، ئەمەش نرخەکەی دادەبەزێنێت.
 
پێداویستیی نێوخۆیی هەرێمی کوردستان بۆ هێلکە، رۆژانە حەوت بۆ هەشت هەزار کارتۆنە. 
 
لە هەرێمی کوردستان 33 پڕۆژەی بەرهەمهێنانی هێلکە هەن، کە رۆژانە 13 بۆ 14 هەزار کارتۆن هێلکە بەرهەمدێنن. بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان گوتی، ئەو هێلکەیەی لە پێداویستیی ناوخۆ زیاترە، هەناردەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق دەکرێت.
 
پڕۆژەکانی هێلکە ساڵانە نزیکەی سێ ملیار هێلکە بەرهەمدەهێنن و دەیخەنە بازاڕەکانەوە.
دابەشبوونی پڕۆژەکانی هێلکە لە هەرێمی کوردستان بەمشێوەیەیە:
 
- هەولێر؛ 15 پڕۆژە
- سلێمانی: 11 پڕۆژە
- دهۆک: 5 پڕۆژە
- گەرمیان: 2 پڕۆژە