مەسرور بارزانی: پێویستە لە زووترین کاتدا هەناردەکردنی نەوت دەستپێبکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندی وەزارەتی نەوتی عێراق بەسەرۆکایەتیی وەزیری نەوتی فیدراڵی کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا گوتی "وەستانی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم، زیانی چەندین ملیار دۆلاری بە گەنجینەی گشتی گەیاندووە و پێویستە لە زووترین کاتدا، هەناردەکردن دەستپێبکاتەوە."
 
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ (یەکشەممە، 12-11-2023) لەگەڵ حەییان عەبدولغەنی، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری نەوتی فیدراڵ و شاندێکی یاوەری کە لە بریکاری و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەت و بەڕێوەبەری گشتیى کۆمپانیای (سۆمۆ) پێکهاتبوو، کۆبووەوە.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە بڵاوکردەوە و، دەڵێ لە کۆبوونەوەکەدا بیروڕا لەبارەی رێکار و هەنگاوەکانی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان ئاڵوگۆڕ کرا. 
 
هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە 25ـی ئاداری ئەمساڵەوە لەسەر بڕیاری دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتیی لە پاریس لەئەنجامی سکاڵایەکی عێراق لەدژی تورکیا، راگیراوە و تائێستا سەرەڕای چەندین کۆبوونەوە لە ئاستی باڵا لەنێوان بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق و تورکیاش، دەستیپێنەکردووەتەوە.
 
بەپێی راگەیێندراوەکە "سەرۆکی حکومەت ئامادەیی هەرێمی کوردستانی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم دووپات کردەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی هێنانەکایەی لەیەکتێگەیشتنێکی هاوبەش بە ئاراستەی بەجێگەیاندنی پێداویستیيە دارایی و تەکنیکیيەکانی پرۆسەی هەناردەكردن و لە چوارچێوەی بنەما دەستووریی و گرێبەستەکان و، رێزگرتن لە دەسەڵات و مافە دەستوورییەکانی سەرجەم لایەنەکان و دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ دەستەبەرکردنی خەرجیى شایستەی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێم کە لەناو بودجەی حكومەتی فیدراڵ تەرخانکراویی پێویستی بۆ دانراوە."
 
سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوە داوە ''وەستانی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم، زیانی چەندین ملیار دۆلاری بە گەنجینەی گشتی گەیاندووە و پێویستە لە زووترین کاتدا، هەناردەکردن دەستپێبکاتەوە''. 
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێ لەمبارەیەوە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەزیری سەرچاوە سرووشتییەکانی هەرێمی راسپارد هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ تیمی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ بکەن کە بڕیارە بۆ چەند رۆژێک لە هەولێر بمێننەوە.
 
جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری نەوتی فیدراڵ، خواستی حکومەتی فیدراڵی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت دەربڕی و ئەم داوایەشی بە ناوی سەرۆکوەزیران و حکومەتی فیدراڵ خستەڕوو، ئەویش لەڕێگەی ده‌ستەبەرکردنی زەمینەیەکی لەباری هاوبەش لە چوارچێوەی دەستوور و لابردنی ئاستەنگ و لەمپەرەکانی بەردەم پرۆسەکە.
 
''لە کۆتاییدا بڕیاردرا کە هەردوو وەزارەت درێژە بە گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوەکان لەسەر وردەکارییە یاسایی، دارایی و تەکنیکیيەکان بدەن تاوەکو بە لەیەکتێگەیشتنێکی هاوبەشەوە، چارەسەرەکان بخرێنەڕوو بە ئامانجی ئەوەی لە زووترین کاتدا، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی دەستپێبکاتەوە کە رۆڵێکی بەرچاوی لە زیادکردنی سەرچاوەی داهاتی گشتی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان و خەرجکردنەوەی بۆ بەرژەوەندی گشتی دەبێت''، ئەمە وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە.