بانکى ناوەندیى عێراق ئاسانکارییەکى نوێ بۆ کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو دەکات

رووداو دیجیتاڵ 

بانکى ناوەندیى عێراق لە رێنماییەکى نوێدا ئاسانکارى بۆ کۆمپانیاکانى ئاڵوگۆڕى دراو دەکات بەوەى زانیارییەکانى مامەڵە و حەواڵەى دەرەکى و ناوخۆیی دۆلار لە دواى کۆتایی رۆژ بدەنە سەکۆى ئەلیکترۆنى لە برى ئەوەى "دەستبەجێ" تۆماری بکەن، بەڵام ئاسانکارییەکە فرۆشتنى دۆلار بە گەشتیاران ناگرێتەوە. 
 
ئەو رێنماییەى بانکى ناوەندى بە نووسراوێک لە 10ى تەممووز ئاراستەى کۆمپانیاکانى دراوى هەردوو جۆرى (A,B) و کۆمپانیا نێوەندگیرەکانى جۆرى (C)  کراوە و واژۆى عەمار حەمەد خەڵەف، جێگرى پارێزگارى بانکى ناوەندى بەسەرەوەیە.
 
لە نووسراوەکەدا ئاماژە بەوەدراوە ئەو کۆمپانیایانە دەتوانن لەکۆتایی رۆژدا چالاکیە داراییەکانیان و زانیارییە پێویستەکان  بنێرن بۆ سەکۆى ئەلیکترۆنى.
 
کۆمپانیاکانى دراو بۆ کڕینى دۆلار لە بانکى ناوەندى دەبێت زانیارییە پێویستەکان لە سەکۆى ئەلیکترۆنى سەر بەو بانکە تۆمار بکەن تاوەکو دواى وردبینى، رەزامەندی دەدرێت لەسەر ئەوەى دۆلایان بۆ ئەو مامەڵانە پێ بفرۆشرێت. 
 
بەگوێرەى رێنماییە نوێیەکە، ئەو چالاکیانەى کە رێگە دەدرێت لە کۆتایی رۆژدا کۆمپانیاکان زانیاریی لەبارەوە بدەنە سەکۆى ئەلیکترۆنى، بریتین لە کڕین و فرۆشتى دراوى بیانى لە دەرەوەى سەکۆى ئەلیکترۆنى، حەواڵەى ناوخۆیی و دەرەکى نێردراو و وەرگیراو.
 
ئاسانکارییەکە مامەڵەى فرۆشتنى دۆلار بە گەشتیاران ناگرێتەوە، بەپێی نووسراوەکە دەبێت ئەو جۆرە مامەڵانە "دەستبەجێ" لەسەکۆى ئەلیکترۆنى تۆمار بکرێن.
 
بانکى ناوەندى دۆلارێک بە 1305 دینار بۆ حەواڵەى دەرەکى و 1310 دینار بە گەشتیاران دەداتە کۆمپانیاکانى دراو.
 
ئەو رێنماییەى بانکى ناوەندیى عێراق  لە دواى ئەوە هات لەهەفتەى رابردوودا بەهاى دینار بەرامبەر بە دۆلار دابەزى و 100 دۆلار گەیشتە سەرووى 150 هەزار دینار.