ئەردۆغان بۆ رووداو: لەگەڵ ئەوەداین بۆری نەوت (بۆ هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان) بکرێتەوە

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری تورکیا لە لووتکەی ناتۆ لە وەڵامی رووداو سەبارەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کە لە کۆتاییەکانی مانگی ئاداری ئەمساڵ راگیراوە، رایگەیاند تورکیا لەبارەی وەرگرتنی نەوتی عێراق کێشەی نییە و "هەنگاویشمان ناوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان. ئێمە لەگەڵ ئەوەداین هێڵی بۆرییە نەوتییەکان بکرێنەوە".
 
رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئەمڕۆ (چوارشەممە، 12-7-2023) لە وەڵامی زنار شینۆ، نێردراوی رووداو لە لووتکەی ناتۆ لە لیتوانیا رایگەیاند "ئێمە لەبارەی وەرگرتنی نەوتی عێراق هیچ کێشەیەکمان نییە. ئەو کێشەیەی روویداوە لەناوخۆی عێراق لەنێوان حکومەتی ناوەندی و حکومەتی باکووری عێراقدایە".
 
هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک کە بە بۆریی جەیهانی تورکیا دەگاتە ئەو وڵاتە و، لەوێوە هەناردەی وڵاتانی دیکەی کڕیاری نەوت دەکرێت، لە 25ـی ئاداری ئەمساڵەوە واتا 109 رۆژە راگیراوە، ئەمەش لەدوای بڕیارێکی دوو رۆژ پێشتری دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس.
 
دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتیی پاریس لەسەر سکاڵای عێراق لە دژی تورکیا بۆ هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، بڕیاری لە بەرژەوەندیی عێراق دابوو و لەسەر بنچینەی ئەو بڕیارەش، هەناردەکردنی نەوتی کوردستان راگیرا، ئەوکاتە تورکیا رایگەیاند، بەو بڕیارە پابەند دەبێت، بەو هۆیەوە تائێستا هەناردەکردن بە بۆریی جەیهان، دەستی پێنەکردووەتەوە.
 
ئەردۆغان: ئێمە لەسەر بنەمای قازان - قازانج کاردەکەین و، کێشە لەنێوان دەسەڵاتی باکووری عێراق و حکومەتی ناوەندییە
 
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا بۆ رووداو سەبارەت بە هەمان پرس، سەرۆککۆماری تورکیا جەختی کردەوە لەوەی "هاوڕێیەکانم ئەرکدار کردووە بۆ بەدواداچوونی ئەم پرسە و ئەنجامدانی دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵیاندا. هەروەها ئێمەش لەمبارەیەوە هەنگاومان ناوە بۆ ئەوەی دەسەڵاتی باکووری عێراق و حکومەتی ناوەندی کێشەکانیان چارەسەر بکەن و تێیپەڕێنن".
 
گوتیشی "هەر کاتێک ئەم کێشەیە تێپەڕێندرا، ئێمە لەگەڵ ئەوەداین هێڵی بۆرییە نەوتییەکان بکرێنەوە، چونکە لەسەر بنەمان قازانج - قازانج کاردەکەین و ئەوان قازانج دەکەن، ئێمەش قازانج دەکەین".
  
گوتەکانی ئەردۆغان لەکاتێکدان، بەهۆی راگرتنی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، کە سەرچاوەی سەرەکیی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانە، مانگانە زیاتر لە 850 ملیۆن دۆلار زیان بە عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەوێت.
 
 بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسە چەندین کۆبوونەوە لەسەر ئاستی باڵا لەنێوان عێراق و هەرێمی کوردستان، هەروەها کۆبوونەوەی دیکە لەنێوان وەزارەتی نەوتی حکومەتی عێراق، کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) و نوێنەرانی تورکیا و هەرێمی کوردستان کراون.
 
لە کۆبوونەوەی 19ـی 6ـی 2023 عێراق و تورکیا لە چەند رووێکەوە کێشەیان لەسەر هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان هەبوو و نەگەیشتنە  رێککەوتن، کە بەپێی زانیارییەکانی رووداو عێراق و تورکیا لەچەند بوارێکدا نەگەیشتنە رێککەوتن، لەوانە؛ بابەتی بۆریی نەوت یەکێک بووە لە کێشەکان، عێراق جەختی لەوە کردووەتەوە لەوکاتەوەی هەناردەکردنی نەوت راگیراوە، ئامادە نییە پارەی کرێی بۆریی نەوتی نێو خاکی تورکیا تاوەکو بەندەری جەیهان بدات، کە بەپێی بنەما نێودەوڵەتییەکان پێویستە کرێی بۆری بدات، بەڵام عێراق دەڵێت لەبەرئەوەی هەناردەکردنی نەوت بە بڕیارێک راگیراوە، ئەوا کرێکەی نادات، هەرکاتێک هەناردەکردنی نەوت دەستپێبکاتەوە، ئامادەیە کرێی ئەو بۆرییە بدات. 
 
بابەتێکی دیکە ئەو پارەیەی دادگەی نێوبژیوانیی پاریسە کە بەسەر تورکیای سەپاندووە و ملیارێک و 500 ملیۆن دۆلارە، کە چۆن بدرێتەوە. هەروەها سکاڵاکەی دادگەی پاریس، تورکیا داوایکردووە سکاڵاکە هەڵبگیرێت، تورکیا پارەکەی بۆ بکرێتە قیست، بەڵام حکومەتی عێراق رایگەیاندووە سەرەتا وەک نیازپاکی رێگە بدات هەناردنی نەوت دەستپێبکاتەوە دواتر باسی دادگە و پارەکە دەکەن.
 
پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو کە روماڵی کۆبوونەوەکەی دەکرد ئەوکاتە رایگەیاند، شاندەکەی وەزارەتی وزەی تورکیا لە کۆبوونەوەکەدا رایانگەیاند، ئەوان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق لە رووی تەکنیکییەوە تەواوی بابەتەکەیان یەکلاکردووەتەوە، تەنیا بابەتی سیاسی ماوە.  
 
هەرێمی کوردستان بەهۆی راگرتنی هەناردەکردنی نەوتەکەیەوە نیوەی زیاتری داهاتەکانی لەدەستداوە، بۆیە کێشە بۆ مووچەی مووچەخۆرانیش دروست بووە. 
 
بەگوێرەی یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2023، عێراق رۆژانە سێ ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەکات، لەو بڕە 400 هەزار بەرمیلی لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە دەبێت، بەهای بەرمیلێک نەوتیش بە 70 دۆلار خەمڵێندراوە.
 
دوای نزیکەی چوار مانگ لە راگرتنی، هەناردەکردنەکە دوو رۆژ لەمەوبەر بەکارهێنانی بەشێک لە نەوتی کوردستان دەستیپێکردەوە، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی نەوتی عێراق گوتی "ئێستا رۆژانە زیاتر لە 150 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان رەوانەی پاڵاوگەکانی حکومەتی عێراق دەکرێت."
 
سەرچاوەیەکی باڵا لە وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ رووداوی ئاشکرا کرد، "ناردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بە هاوئاهەنگیی وەزارەتی نەوتی عێراقە و لە چوارچێوەی یاسای بودجەدایە. بەمەش یاسای بودجە لەڕووی پرسی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان 100% چووەتە واری جێبەجێکردنەوە و هیچ کێشەیەکی نەماوە".
 
حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق رۆژی پێنجشەممە، 06-07-2023، لە پەراوێزی کۆنگرەی ساڵانەی ئۆپێک لە ڤیەننای پایتەختی نەمسا رایگەیاندبوو، دانوستاندنەکان لەگەڵ تورکیا بەردەوامن بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت (ـی هەرێمی کوردستان) لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە کە بە گوتەی تورکیا، بەهۆی بوومەلەرزەوە زیان بە بۆرییەکە گەیشتووە.