ئاڕ تی بانک: راکێشانی دۆلار لە ئامێرەکانی راکێشانی پارە ئاسایی بووەتەوە
رووداو هەولێر
بانکی هەرێمیی بازرگانی (RT BANK) دوای ئەوەی بۆ ماوەیەک پێدانی دۆلاری لە رێگەی ئامێرەکانی راکێشانی پارە (ATM)ـەوە بەو کەسانەش راگرت کە لە هەژمارەکەیاندا دۆلار هەیە، ئێستا ئەو کەسانە دەتوانن دۆلار لە رێگەی ئامێرەکانەوە رابکێشن.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، کە لە ئاڕ تی بانکەوە وەریگرتووە، پێدانی دۆلار لە ئامێرەکانی راکێشانی پارە لە ئاڕ تی بانک ئاسایی بووەتەوە و ئەو کەسانەی دۆلار لە هەژمارەکەیاندا هەیە، ئێستا دەتوانن دۆلارەکانیان رابکێشن.
بەیانی ئەمڕۆ (یەکشەممە، 12-3-2023) ئەو کەسانەشی لە هەژمارەکەیاندا دۆلار هەبوو، نەیاندەتوانی لە ئامێرەکانی راکێشانی پارەوە دۆلار رابکێشن، بەڵکو دەبوو سەردانی لقی سەرەکیی بانک بکەن بۆ راکێشانی دۆلارەکە بەشێوەی دەستی.
ئەمە لەکاتێکدایە، پێنجشەممەی رابردوو بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند: "بڕیاردرا ئەو خزمەتگوزارییە داراییە ئەلیكترۆنییانەی لە نێوخۆی عێراقدا لە رێگەی ئامێری راکێشانی پارە و دەروازەی پارەدانی ئەلیكترۆنی پێشكێش دەكرێن، لە نێوخۆی عێراقدا تەنیا دینار بەکاربهێندرێت".
بەگشتی، نزیکەی پێنج مانگە بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی دابەزیوە، هەرچەند بانکی ناوەندیی عێراق چەندین رێکاری بۆ بەرزکردنەوەی بەهای دراوەکەی گرتووەتەوەبەر، بەڵام بەگوێرەی نرخی فەرمی کە دەبێت 100 دۆلار بە 132 هەزار دینار بگاتە هاووڵاتیان، بەهاکەی بەرز نەبووەتەوە و لە بازاڕەکاندا 100 دۆلار لە دەوروبەری 157 هەزار دینارەوە مامەڵەی پێوە دەکرێت.