ئاڕ تی بانک پێدانی دۆلار لە رێگەی ئامێرەکانی راکێشانی پارەوە رادەگرێت


رووداو دیجیتاڵ

بانکی هەرێمیی بازرگانی – ئاڕ تی بانک، پێدانی دۆلاری لە رێگەی ئامێرەکانی راکێشانی پارە (ATM)ـەوە بەو کەسانەش راگرت کە لە هەژمارەکەیاندا دۆلار هەیە و ئیدی دەبێت بە دینار پارەکانیان رابکێشن، بۆ هەر 100 دۆلارێكیش 148 هەزار دینار دیاریکراوە.
 
ئەو بڕیارەی ئاڕ تی بانک دوای بڕیارێکی بانکی ناوەندیی عێراق دێت بۆ راگرتنی پێدانی دۆلار لە رێگەی ئامێرەکانی راکێشانی پارەوە.
 
پێنجشەممەی رابردوو بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، "بڕیاردرا كە ئەو خزمەتگوزارییە داراییە ئەلیكترۆنییانەی لە نێوخۆی عێراق لە رێگەی ئامێری راکێشانی پارەوە و دەروازەی پارەدانی ئەلیكترۆنی پێشكێش دەكرێن، لە نێوخۆی عێراقدا تەنیا دینار بەکاربهێندرێت".
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو کە لە ئاڕ تی بانک دەستی کەوتوون، ئەو کەسانەشی لە هەژمارەکەیاندا دۆلار هەیە ناتوانن لە ئامێرەکانی راکێشانی پارە دۆلار رابکێشن، بەڵکو "دەتوانن سەردانی لقی سەرەکیی بانک بکەن بۆ راکێشانی دۆلارەکە بە شێوەی دەستی".
 
لە کاتێکدا کە دەوامی فەرمیی بانکەکە نەبێت و کەسێک لە هەژمارەکەیدا دۆلار هەبێت و بیەوێت رایبکێشێت، دەبێت لە ئامێرەکانی راکێشانی پارەوە دینار رابکێشێت، بۆ ئەوەش ئەمڕۆ ئاڕتی بانک لە بەرامبەر هەر 100 دۆلارێکدا 148 هەزار دیناری دیاریکردووە بۆ راکێشان.
 
ئەمە لەکاتێکدایە، نزیکەی پێنج مانگە بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی دابەزیوە، هەرچەند بانکی ناوەندیی عێراق چەندین رێکاری بۆ بەرزکردنەوەی بەهای دراوەکەی گرتووەتەوەبەر، بەڵام بەگوێرەی نرخی فەرمی کە دەبێت 100 دۆلار بە 133 هەزار دینار بگاتە هاووڵاتیان، بەهاکەی بەرز نەبووەتەوە و لە بازاڕەکاندا 100 دۆلار لە دەوروبەری 157 هەزار دینارەوە مامەڵەی پێوە دەکرێت.