شاندی هەرێمی کوردستان جارێکی دیکە لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق کۆدەبێتەوە


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆیان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ گفتوگۆکردن بووە لەسەر ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای نەوت و گاز، یەکشەممەی داهاتووش جارێکی دیکە بۆ هەمان مەبەست کۆدەبنەوە.
 
عاسم جیهاد، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق رۆژی یەکشەممە، 12-02-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی وەزارەتی نەوتی عێراقیان کردووە و لەگەڵ شاندێکی وەزارەتی نەوت کۆبوونەوە. 
 
گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق هیچ زانیارییەکی لەبارەی گفتوگۆکان نەخستەڕوو، بەڵام ئاماژەی بەوەکرد، وەزیری نەوتی عێراق بەشداریی کۆبوونەوەکەی نەکردووە، چونکە بە سەردانێک لە میسرە. 
 
دواتر وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ لەیس شاهر، بریکار وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری دابەشکردن لەگەڵ شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. ژمارەیەک بەرپرسی فەرمانگە پەیوەندیدارەکان لە وەزارەتی نەوت ئامادە بوون.
 
وەزارەتی نەوت دەڵێت، سەردانەکە لە چوارچێوەی زنجیرە دیدار و کۆبوونەوەکانی شاندی هەرێمی کوردستانە لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی نەوت، بە مەبەستی تاوتوێکردن و پێداچوونەوە بە پرسە هاوبەشەکان بەتایبەتی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی ناوەند و هەرێمی کوردستان لەبارەی دۆسەی نەوت و گاز.  
 
لە کۆبوونەوەکەدا "وەزارەتی نەوتی عێراق پابەندبوونی خۆی دووپاتکردەوە بە بەڕێوەبەردنی سامانی نیشتمانی و پەرەپێدان و پاراستنی، بەپێی دەستوور و یاسا و رێنماییە کارپێکراوەکان، بەشێوەیەک سوودی بۆ گەلی عێراق هەبێت بە هەموو پێکهاتەکانییەوە".  
 
دوای کۆبوونەوەکە د. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە رایگەیاند: "گفتوگۆمان دەربارەی ئامادەکردنی رەشنووسی یاسای نەوت و گاز کرد و پێشنیازەکانی حکومەتی هەرێممان لەسەر ئەو پڕۆژەیاسایە پێشکەشی وەزارەتی نەوتی عێراق کرد."
 
سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند، "هەر لە کۆبوونەوەکەدا، بڕیار درا درێژە بە کۆبوونەوەکان بدرێت تاوەکو دەگەین بە رێککەوتنێکی هاوبەش و رۆژی یەکشەممەی داهاتوو دیاری کرا بۆ کۆبوونەوە."
 
ئێوارەی شەممە، 11-2-2023، حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، شاندەکەیان بۆ تاوتوێکردنی چەند بابەتێک "لەسەر ماف و دەستکەوتەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان چوونەتە بەغدا." لەوانە دۆسیەی بودجە، دۆسیەی نەوت و گاز، ماددەی 140 و قەرەبووکردنەوەی خەڵکی هەرێمی کوردستان کە لە ئەنجامی پەیڕەوکردنی ئەو سیاسەتانە کە دژی خەڵکی هەرێمی کوردستانن لەلایەن رژێمی پێشووی عێراق گیراونەتەبەر.
 
شاندەکەی هەرێمی کوردستان پێكهاتوون، لە وەزیری دارایی، وەزیری سامانە سرووشتییەکان بە وەکالەت، وەزیری پلاندانان، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، سەرۆکی فەرمانگەی هاوئاهەنگی و بەدواداچوون و گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان.