توێژینەوەیەک: 41٪ـی قوتابییانی بەریتانی لە قۆناخی ناوەندیدا نووسینی ئینگلیزییان باش نییە
رووداو دیجیتاڵ
توێژینەوەیەکی بەریتانی دەریدەخات، 41٪ـی قوتابییان لە قۆناخی سەرەتاییەوە بەبێ ئەوەی بەهرەیەکی باشی بیرکاری و زمانی ئینگلیزییان هەبێت چوونەتە قۆناخی ناوەندی.
بەگوێرەی توێژینەوەیەکی ناوەندی سۆشیاڵ جەستسی بەریتانی، لە ساڵی 2022دا 275 هەزار قوتابیی قۆناخی شەشی سەرەتایی بەبێ ئەوەی بەهرەیەکی باشی خوێندنەوەی ئینگلیزی و بیرکارییان هەبووبێت، قۆناخی سەرەتاییان بڕیوە. ئەوەش دەکاتە 41٪ـی کۆی قوتابییانی شەشی سەرەتایی لە وڵاتەکەدا.
هۆشداری دراوەتە ریشی سووناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا کە ژمارەی ئەو قوتابییانەی بە ستانداردی چاوەڕوانکراوی خوێندنەوە، نووسین و بیرکاری دەرباسی قۆناخی ناوەندی دەبن، "زۆر دوورە لە ئاستی ستاندەردەوە".
ئەوە لە کاتێکدایە، نیگەرانییەکان لەوەدان کە کاریگەرییەکانی پەتای کۆرۆنا و ماوەی لەدەستچووی پەروەردە لە پۆلەکاندا هەستیان پێدەکرێت، بەتایبەتی لەنێو منداڵە هەژارەکاندا. لە توێژینەوەکەدا هاتووە کە کەلێنی سوودبینین لە خوێندن، لە نێوان هەژارترین و دەوڵەمەندەکاندا هەیە. دەشڵێت، ئەو بۆشاییە گەیشتووەتە فراوانترین ئاست لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا.
توێژینەوەیەکی هاوشێوەی ئەم دواییەی رێکخراوی ICAN دەریخستووە کە لێهاتوویی لە قسەکردندا دابەزیوە، بەجۆرێک لەدوای بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆناوە 1.5 ملیۆن منداڵ لە سەرانسەری بەریتانیا بەدەست پەرەسەندنی توانای قسەکردن و زمانەوە دەناڵێنن.
لەنێو پۆلدا، نیگەرانییەکان لەلایەن مامۆستایانەوە دەردەبڕدرێن سەبارەت بە چانسی پێچەوانەکردنەوەی ئامارەکان، ئەوەش بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی کارکردنی ئێستایان. بەگوێرەی راپرسییەکی پێگەی تیچەر تاپ کە لە سەرەتای ئەمساڵ کراوە، تەنیا دوو لەسەر پێنجی مامۆستایانی سەرەتایی پێیان وایە قوتابییەکانیان ستانداردە چاوەڕوانکراوەکان لە بابەتەکانی بنەڕەتیدا دەپێکن.
جگە لەوە، تەنیا 32%ـی ئەو مامۆستایانەی لە قوتابخانەکانی ئەو ناوچانەی کە زۆرترین بێبەشبوونیان لە بەهرەکاندا هەیە، دڵنیا بوون لەوەی کە زۆربەی قوتابییەکانیان لەم ساڵەی خوێندندا ئامانجەکانیان لە بواری ژمارە و لێهاتوویی خوێندەوارییدا بەدی دێنن، لە کاتێکدا لە شوێنە دەوڵەمەندەکان رێژەکە 51% بووە.
لە توێژینەوەی ناوەندی سۆشیاڵ جەستسدا هاتووە: "داخستنی قوتابخانەکان کاریگەریی دەستبەجێ و گەورەی لەسەر ئەنجامەکانی خوێندنی سەرەتایی هەبووە. لە یەکەم ساڵی تەواودا دوای داخستنی قوتابخانەکان، 41%ـی سەرجەم قوتابییانی ساڵی 6 قوتابخانەیان جێهێشت بەبێ ئەوەی بگەنە ستانداردە چاوەڕوانکراوەکان".