یەکێتیی مامۆستایان: لە هەژماری منەوە پارە بۆ کڕینی ئۆتۆمبێل و خانوو دەدرێتە مامۆستایان

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان دەڵێت، دوای تۆمارکردنی تەواوی مامۆستایان لە پڕۆژەی "هەژماری من"، لەگەڵ بانکەکان کار دەکەن بۆ پێدانی پارە بە قیستی درێژخایەن.
 
ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان ئەمڕۆ هەینی 11-10-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لەدوای سەری ساڵەوە رێکارەکان دەستپێدەکەین، چونکە لەو کاتەوە مامۆستایان دەتوانن هەژمارەکەیان لە بانکێک بۆ بانکێکی دیکە بگوازنەوە."
 
سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، دوای تەواوبوونی تۆمارکردن لە (هەژماری من) لەگەڵ بانکەکانی پڕۆژەکە گفتوگۆ دەکەن، هەر بانکێک هاوئاهەنگییان لەگەڵدا بکات گرێبەستی لەگەڵدا واژۆ دەکەن و دواتر مامۆستایان هەژمارەکەیان دەگوازنەوە بۆ ئەو بانکەی رێککەوتنی لەگەڵدا دەکرێت.
 
ئەحمەد گەرمیانی باسی لەوەش کرد، لەگەڵ بانکەکان رێککەوتن دەکەن بۆ پێدانی پارە بە قیستی درێژخایەن بە مامۆستایان بە مەبەستی کڕینی ئۆتۆمبێل، یان یەکەی نیشتەجێبوون.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریداوە زەوی بەسەر فەرمانبەران و خانەنشیناندا دابەش بکات. ئەحمەد گەرمیانی دەڵێت، یەکێکی دیکە لە پلانەکانیان لەگەڵ بانکەکان پێدانی قەرزە بەو مامۆستایانەی زەوی وەردەگرن بۆ ئەوەی یەکەیەکی نیشتەجێبوونی لەسەر دروست بکەن.
 
بە گوتەی ئەحمەد گەرمیانی، لە رابردوودا گرێبەستێکیان هەبووە بۆ پێدانی ئۆتۆمبێل بە قیستی درێژخایەن بە مامۆستایان و ژمارەی ئۆتۆمبێلەکان دیاریکراوە بووە و کۆتاییهاتووە.