بەرمیلێک نەوتی ماڵان لە هەرێمی کوردستان 20 هەزار دینار دابەزی

 
رووداو دیجیتاڵ

هاوکات لەگەڵ دابەزینی نرخی نەوت لە جیهاندا، نرخی بەرمیلێک نەوت لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان 20 هەزار دینار دابەزی.
 
سەرباز کەریم، گوتەبێژی گازفرۆشانی هەولێر ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "چەند رۆژێکە بەرمیلێک نەوت بە 165 هەزار دینارە، ئەمڕۆ بە 145 هەزار دینار بەردەستە."
 
لەبارەی هۆکارەکەیەوە سەرباز کەریم گوتی، لە چەند ناوچەیەکی باڵەکایەتی نەوت دابەش دەکرێت و ئەگەر دابەشکردنی بگاتە نێو شارەکان نرخی بەرمیلێک نەوت دەبێتە 120 هەزار دینار.
 
بە گوتەی سەرباز کەریم کە هاوکات بازرگانی سووتەمەنییە، کەمیی خواست لەسەر نەوتی سپی، هۆکارێکی دیکەی دابەزینی نرخەکەیەتی
 
ئەوەش لە کاتێکدایە، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا دابەزیوە. ئەمڕۆ نەوتی برێنت بە 69 دۆلار و 58 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. نرخی نەوتی سووکی تەکساسی بە 66 دۆلار و 19 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
دوێنێ سێشەممە نرخەکانی نەوت سێ دۆلار دابەزین دوای ئەوەی رێکخراوی ئۆپێک لە راپۆرتی مانگانەی خۆیدا پێشبینییەکانی خۆی بۆ خواست لەسەر نەوت لە ئەم ساڵ و ساڵی داهاتوودا کەمکردەوە.
 
دابەزینەکەی دوێنێی نرخی نەوت کەمترین ئاستی بوو لەدوای مانگی 12ی ساڵی 2021 ـەوە.