ئۆپۆزیسیۆنی سووریا لە بری لیرەی سووری كار بە لیرەی توركی دەكات

رووداو ـ هەولێر

لیژنەی سووری ئاڵوگۆڕی دراوی سەر بە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا، لە شاری حەلەب بڕیاریداوە لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆنی سووریا مامەڵە بە لیرەی توركی بكرێت.


بە ئامانجی وەشاندنی گورزێكی ئابووری لە حكومەتی سووریا، سەرجەم لایەنەكانی ئۆپۆزیسیۆن و دادگاكان و فەرمانگەكانی دەروازە سنوورییەكان ئەم بڕیارەی لیژنەی سووری لەسەر گۆڕینی دراو و كاركردن بە لیرەی توركی لە بری لیرەی سووری رێككەوتوون.

مانگی تەممووزی رابردووش مووچەی فەرمانبەرانی دادگای شەرعی و ئەنجوومەنەكانی نێوخۆیی و دێهاتەكان بە لیرەی توركی دابەشكرا.  لیژنەی گۆڕینەوەی دراو لە سەندیكای ئابووریناسانی ئازاد، نوێنەرانی لایەنە سەربازییەكان و ئەنجوومەنی شار، دەزگاكاكی شۆڕشگێڕی و دادگای شەرعی پێكهاتووە.

سەندیكای ئابووریناسانی ئازاد لەسەر پەیجی تایبەتی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك لە توێژینەوەیەكدا هۆكاری دیاریكردنی لیرەی توركی بۆ مامەڵەكردن لە بری دۆلاری ئەمریكی خستووەتەڕوو " بۆیە لیرەی توركیمان هەڵبژاردووە، چونكە توركیا گەورەترین هاوبەشی بازرگانییە لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزیسیۆن لە باكووری سووریا، هاوكات توركیا تاكە رێڕەوە بۆ هاورەدەكردنی كەلوپەلەكان لە باكووری سووریا بۆ دەرەوەی توركیاو بەپێچەوانەوە".

ئامانجی ئۆپۆزیسیۆن لە دەركردنی ئەو بڕیارە بێبەشكردنی سووریایە لە گەیشتن بە دراوی بیانی، چونكە لیرەی توركی دراوێكی نێودەوڵەتی نییە بەڵكو نێوخۆییە.

توێژینەوەكەی سەندیكای ئابووریناسانی ئازاد باس لە شوێنەوارە ئەرێنییەكانی ئەو دراو گۆڕینە دەكات بۆ بەستنەوەی ئابووری ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆن بە لیرەی توركی، كە لەڕووی هەڵكشان و دابەزینەوە لە لیرەی سووری جێگیرترە، جەختیش لەسەر گرنگی هەڵوەشانەوەی پەیوەندی بە حكومەتی سووریاوە دەكات كە چارەنووسی گەلی سووریای بە مانەوەی بەشار ئەسەد لەسەر كورسی دەسەڵات بەستووەتەوە.

توێژینەوەكە سەندیكای ئابووریناسانی ئازاد باسی لە شەش قۆناخی تایبەت بە جێبەجێكردنی پڕۆسەی گۆڕینی لیرەی سووری بە لیرەی توركی كردووە، ئەوانیش:

1- دیاریكردنی ناوچە بە ئامانجكراوەكان و ئەنجامدانی هەڵمەتی هۆشیاركردنەوە لە مەترسی بەردەوامیدانی مامەڵەكردن بە لیرەی سووری.

2-  دیاریكردنی نرخ لەنێوان هەردوو لیرەكە ئینجا دیاریكردنی نرخی كاڵاكان بە لیرەی توركی.
3-  هەنگاونان بەرەو سەرپشككردن لە بەكارهێنانی هەردوو لیرەكە.

4- قۆناخەكانی دابەشكردنی مووچە بە لیرەی توركی.

5- كێشاندنەوەی لیرەی سووری لە بازاڕەكان.

6- كەمكردنەوەی بەكارهێنانی لە مامەڵەكردنی بازرگانی لەگەڵ ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی حكومەتی سووریا.