هەرێمی كوردستان ساڵانە 6 ملیۆن تایەی ئۆتۆمبێل دەكڕێت
رووداو- هەولێر
ساڵانە 6 ملیۆن تایەی ئۆتۆمبێل دەهێنرێتە هەرێمی كوردستان، ئەگەرچی بازرگانێكی هاوردەكردنی تایە دەڵێت بەهۆی قەیرانی داراییەوە فرۆشیان زۆر كەمی كردووە.
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی هەرێمی كوردستان، نزیكەی ملیۆنێك و 400 هەزار ئۆتۆمبێل لە هەرێمی كوردستان هەن، لەو ژمارەیەش نزیكەی ملیۆنێك و 320 هەزاریان ئۆتۆمبێلی تایبەت و كرێ و بارهەڵگرن، ئەوانی دیكەش ئامێری كشتوكاڵی و پیشەسازین كە ساڵانە یان دوو ساڵ جارێك بەگوێرەی بەكارهێنانیان پێویستیان بەگۆڕینی تایە هەیە، بەهۆی نەبوونی كارگەی بەرهەمهێنانی تایەش، ساڵانە بە ملیۆنان تایە لە وڵاتانی چین، كۆریا، تایلەند، مالیزیا، ئیندۆنیزیا، توركیا، ئیمارات، هیند، پۆڵەندا، فەرەنسا و ئەڵمانیاوە دەهێنرێتە هەرێمی كوردستان.
سەعد كەمال، بەڕێوەبەری فرۆشتن لە كۆمپانیای سوپەر ستار بۆ بازرگانیی گشتی و هاوردەكردنی تایە و پاتریی ئۆتۆمبێل بە (رووداو)ی گوت: "پێشتر ساڵانە 7 تاوەكو 10 ملیۆن تایە هاوردە دەكرا و بەشێكی لەناوخۆ بەكاردەهات و بەشەكەی دیكەشی هەناردەی شارەكانی عێراق دەكرا، هەندێكیشی بەقاچاخ بۆ ئێران دەچوو، بەڵام ئێستا بەهۆی كەمبوونەوەی فرۆش، ساڵانە هەر 5 بۆ 6 ملیۆن تایە هاوردە دەكرێت".
بە گوتەی ئەو بازرگانە، بەهۆی قەیرانی داراییەوە، شوفێران ئێستا درەنگتر لە جاران تایەی ئۆتۆمبێلەكانیان دەگۆڕن، بۆیە بە تەخمینی ئەو فرۆشی تایە بە رێژەی 60% كەمی كردووە.
سەعد كەمال، نموونە بە فرۆشی كۆمپانیاكەی دەهێنێتەوە و دەڵێت: "دوای بڕینی مووچە لەلایەن بەغدا و هێرشی داعش لە ساڵی 2014 ، فرۆشمان زۆر كەمی كرد، ساڵی 2015 بەهۆی بەردەوامیی قەیرانی دارایی ئاستی فرۆشمان بۆ 50% دابەزی، ساڵی رابردووش دابەزینی فرۆشمان گەیشتە 60%. بەو هۆیەشەوە هاوردەكردنی تایەمان لە 150 كۆنتێنەر بۆ 50 كۆنتێنەر كەم كردەوە".
بەگوتەی سەعد، لەسەرەتای ئەمساڵەوە بێ بازاڕییەك لە فرۆشی تایە سەریهەڵداوە كە لە 10 ساڵی رابردوودا وێنەی نەبووە. ئەو دەڵێت: "بەهۆی بێ پارەییەوە، ئێستا خەڵك لە جیاتی كواڵیتی بەدوای هەرزانیی نرخدا دەگەڕێن، بۆیە زیاتر خواست لەسەر تایەی چینییە، تەنانەت هەندێ خەڵك توانای كڕینی تایەی چینی كواڵیتی خراپیشیان نییە و بەدوای تایەی بەكارهاتوودا دەگەڕێن".
تایە یەكێكە لە پێویستییە سەرەكییەكانی ئۆتۆمبیل. بۆ كەمكردنەوەی رووداوەكانی هاتوچۆ و سەلامەتیی گیانی سەرنشینان و كاركردنی ئۆتۆمبیل بەشێوەیەكی دروست، پێویستە ساڵانە یان 2 ساڵ جارێك تایەی ئۆتۆمبێلەكەت بگۆڕی.
سەعد كەمال، دەڵێت "كاتی گۆڕینی تایەی ئۆتۆمبیل دەوەستێتە سەر كواڵیتی و راددەی بەكارهێنانی، تایەی كواڵیتی باش ئەگەر كەم بەكاربێت دەتوانی چوار ساڵ نەیگۆڕی، بەڵام ئەگەر كواڵیتییەكەی خراپ بێت یان زۆر بەكاربێت، ساڵانە یان دوو ساڵ جارێك پێویستی بەگۆڕین هەیە".
ئەو دەڵێت بەهۆی كزیی بازاڕەوە، لە دوو ساڵی رابردوودا تایەی كواڵیتی نزم هاوردەی هەرێمی كوردستان كراوە "هەندێك بازرگان بێ گوێدانە سەلامەتیی گیانی خەڵك، تەنیا بۆ قازانج جۆرە تایەیەكیان هاوردە كردووە، تەنیا 5 تاوەكو 6 مانگ بەرگەی بەكارهێنان دەگرێت، دوای ئەو ماوەیە یان دەتەقێت یان خوار دەبێت، یان گوپ دەكات و باڵانسی ئۆتۆمبێلەكە تێكدەدات".
سەعد زیاتر لەبارەی ئەو جۆرە تایە خراپە دوا و گوتی" هەندێ بازرگان تایەی ماركە چینی و ماركەكانی دیكە تەزویر دەكەن و بەنرخی كەمتر لەنرخی خۆی دەیفرۆشن، بۆ ئەوەی كڕیار هەستی پێنەكات، تەزویر لە پێكهاتەی تایەكە دەكەن، بۆ نموونە سیمی زیاد دەكەن و كەتانی كەم دەكەنەوە، ئەو مادەیەشی لە داپۆشینی تایەكە بەكاردێت كواڵیتییەكەی كەم دەكەنەوە، بۆیە ئەو جۆرە تایانە ماوەیەكی كەم خۆیان دەگرن".
جگە لە تایەی ئاسایی، تایەی ئۆتۆمبێلی درع و ئۆتۆمبێلە گرانبەهاكانیش هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكرێن كە نرخی هەندێكیان 4 بەرامبەری نرخی تایەی ئاساییە.
سینان حسام داود، خاوەنی كۆمپانیایەكی هاوردەكردنی تایەی گرانبەها و براند، دەڵێت: "نرخی تایەكانمان بەگوێرەی كواڵیتی و جۆری ماركەكان و قیستەكانی دەگۆڕێت، بەشێوەیەكی گشتی نرخەكانیان لە 800 دۆلارەوە تاوەكو 3800 دۆلار دەڕوات".
جگە لە تایەی تازە، تایەی كۆن و بەكارهاتووش هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكرێت، ئەو جۆرە تایانەش بەهۆی ئەوەی كواڵیتییان بەرزە و نرخیان هەرزانە، خواستی زۆریان لەسەرە.
عەبدولقادر ئەكرەم، خاوەنی پێشەنگای جیهانی تایە و ویل كە زیاتر تایەی بەكارهاتووی ئیماراتی دەفرۆشێت، دەڵێت "ئەو تایە بەكارهاتووانەی ئێمە لە ئیمارت هاوردەیان دەكەین ماركەن و كواڵیتییان بەرزە، زۆر كەم لەسەری رۆیشتوون، هەیانە 500 كیلۆمەتر رۆیشتووە، هەشیانە زیاتر لە 1000 كیلۆمەتر رۆیشتووە، بۆیە لە بازاڕ بە تایەی سفر كیلۆمەتری ماركە یان دەستی دوو ناویان دەركردووە، نرخەكەشیان 20% كەمترە لە تایەی نوێ".
سەرەڕای ئەوەی بازاڕی تایە كزە، بەڵام بە گوتەی عەبدولقادر رۆژ بەرۆژ ژمارەی تایەفرۆشان لە هەڵكشاندایە. وەك ئەو گوتی "بەهۆی بێكارییەوە خەڵكێكی زۆر رووی لە فرۆشتنی تایە كردووە. تەنانەت رۆنگۆڕ و پەنچەرچییەكانیش تایە دەفرۆشن، هەندێك لەوانە بۆ راكێشانی سەرنجی كڕیار، تایەكە بە نرخی كڕین دەفرۆشنەوە، تەنیا دەستهەقی بەستنی تایەكە وەردەگرن".
تایەی چینی كارگەیەكی بە داخستن دا
پێشتر كارگەیەك لە هەرێمی كوردستان تایەی دووبارە چاك دەكردەوە، بە تایبەتی تایەی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر. ئەمەش سوودێكی زۆری بۆ پارێزگاری لە ژینگە و كەمكردنەوەی هاوردەكردنی تایە هەبوو، بەڵام سەعد كەمال كە بازرگانێكی هاوردەكردنی تایەیە، دەڵێت "بەهۆی هەرزانیی نرخی تایەی چینی، ئەم كارگەیە فەشەلی هێنا. ئێستا چەند كارگەیەك لە كوردستان دامەزراون تایە كۆنەكان دەهاڕن و رووپۆشی گۆڕەپانی یاریی منداڵان و یاریی باسكەی لێ دروست دەكەن".