بەرهەمهێنان و داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2023

بەرایی
 
نزیکەی ساڵێک لەمەوبەر، پیشەسازیی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان بە بڕیاری دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس، تووشی شۆکێک بوو کە تاوەکو ئێستا زیانەکانی بەردەوامن. بەشێوەیەک کۆی داهاتی نەوتی بەرهەمهێنراوی لە هەرێمی کوردستان لە 2023دا کردە یەک لەسەر سێی ساڵی 2022. 
 
بڕیارەکەی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس لەکاتێکدا بوو، کە ساڵی 2022 دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق تاڕادەیەک نادڵنیاییەک و مەترسییەکی یاسایی درێژخایەنی بۆ پیشەسازیی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان دروستکرد و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوتی خستە دۆخێکی نوێوە، بەڵام شۆکە گەورەکە، دوای بڕیارەکەی دادگەکەی پاریس و کلیلدانی قوفڵەکە لەلایەن تورکیاوە، وایکرد بەرهەمهێنانی نەوت لە زۆربەی کێڵگە نەوتییەکان رابگرێت.
 
ساڵی رابردوو بەپێی داتا کۆکراوەکان، کۆی نەوتی بەرهەمهێنراو لە هەرێمی کوردستان نەگەیشتووەتە 100 ملیۆن بەرمیل، لەکاتێکدا لەساڵی 2022، سەروو 158 ملیۆن بەرمیل نەوت لە هەموو کێڵگەکانەوە بەرهەمهاتبوو، واتە ساڵی رابردوو بە بەراورد بە 2022 بەرهەمهێنانی نەوت بەڕێژەی 42% و داهاتەکەشی بەڕێژەی 67% کەمیکردووە.
 
ئێستا، بەپێی داتای کۆمپانیاکان، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت گەیشتووەتە سەرووی نیوەی ئەو ئاستەی قوفڵی بۆرییەکە هێشتا نەگیرابوو. بەشێوەیەک لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی 2023 گەیشتووەتە 286 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا، بەڵام فرۆشتنی بە نێوخۆ و بە نرخی 30 بۆ 40 دۆلار، وایکردووە کۆمپانیاکان سەرجەم کارەکانی وەبەرهێنان رابگرن و کارمەندەکانیان رۆژ بە رۆژ کەمبکەنەوە.   
 
بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2023 
 
ساڵی رابردوو، بەرهەمهێنانی نەوت لە مانگی نیسانەوە گۆڕانێکی بەخۆوە بینی کە وایکرد کۆمپانیاکان سەرووی نیوەی کارمەندەکانیان بنێرنەوە بۆ ماڵەوە، ئێستاش سەرەڕای بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان، هێشتا ئەوانەی دەرکراون نەگەڕێنراونەتەوە سەر کارەکانیان، چونکە کۆمپانیاکان هەموو خەرجییەکانی وەبەرهێنانیان CAPEX بۆ کەمترین ئاست کەمکردووەتەوە و، هەندێکیان بەتەواوی رایانگرتووە، تەنیا خەرجیی ئۆپێرەیشن OPEX کاری پێدەکرێت. 
 
بەپێی داتا کۆکراوەکان، ساڵی رابردوو کۆی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەموو کێڵگەکان 93 ملیۆن و 776 هەزار بەرمیل نەوت بووە، کە کەمترینی لە مانگی حوزەیران و بەرزترینی لە مانگەکانی سەرەتای ساڵ بووە وەکو لە گرافیکی یەکەمدا دەردەکەوێت.
 
 
چارەگی دووەمی 2023 لەڕووی بەرهەمهێنانی نەوتەوە لە هەرێمی کوردستان، بەراورد بە شەش ساڵی رابردوو لە نزمترین ئاستدا بووە. هەروەها، لەڕووی بەرهەمهێنانی نەوتی ساڵانەشەوە بەپێی داتاکانی دیلۆیت، زۆرترین بڕی بەرهەمێنراوی نەوت لە ساڵی 2019 بووە، کە گەیشتووەتە 170 ملیۆن بەرمیل نەوت و کەمترینیشی لە 2023 بووە، کە 93.7 ملیۆن بەرمیل نەوت بووە، وەکو لە خشتەی یەکەمدا هاتووە.
 
خشتەی 1: کۆی نەوتی بەرهەمهێنراو لە هەرێمی کوردستان 2018-2023 

 

دوای دەیەیەک گەڕانەوە بۆ سفر، هەناردەکردنی نەوت بە بۆری بۆ دەرەوە و زیانەکانی 
 
زیانەکانی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بە بۆری، چ بە نرخی برێنت یان نرخی نەوتی هەناردەکراوی عێراق بۆ دەرەوە لێکدانەوەی بۆ بکەین ملیاران دۆلارە، چونکە جیاوازیی ئەو نرخەی هەرێمی کوردستان لە چارەگی دووەمی 2023ـوە تاوەکو ئەم رۆژانەش نەوتی پێی فرۆشتووە، کەمتر لە نیوەی نرخی نەوتی برێنت و نەوتی فرۆشراوی عێراقە. 
 
لەکاتێکدا، پێش کلیلدانی قوفڵی بۆریی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بازاڕەکانی جیهان، تێکڕای نرخی نەوتی هەرێمی کوردستان بە بەراورد بە برێنت 13.5 دۆلار کەمتر دەفرۆشرا و، بە بەراورد بە نەوتی هەناردەکراوی عێراقیش 7.9 دۆلار کەمتر فرۆشرابوو. 
 
هێشتا بەهۆی نەگەشتنە رێککەوتن و فرۆشتنی بە نێوخۆ، جیاوازییەکە لە چارەگی چوارەمی 2023 بە تێکڕا بۆ برێنت 38 دۆلار و بۆ نەوتی هەناردەکراوی عێراق 47 دۆلار بووە، بڕوانە گرافیکی خوارەوە لەبارەی تێکڕای نرخی نەوت لە چارەگەکانی 2023ـدا. 
 
گرافیک 2: نرخی نەوتی فرۆشراوی هەرێمی کوردستان بە نێوخۆ بە بەراورد بە برینت و نرخی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە 2023

 

 

خاڵیکی دیکەی سەرنجڕاکیش ئەوەیە؛ دوای دەیەیەک، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بازاڕەکانی جیهان دەبێتەوە سفر، وەکو لە گرافیکی سێیەمدا هاتووە. ئەوەی لێرەشدا پێویستە ئاماژەی بۆ بکەین و هەڵوەستەی لەسەر بکەین ئەوەیە؛ ئێستا هەموو جیهان نەوت بەرهەمدەهێنێت و دەفرۆشێت.
 
هەروەها، بازاڕەکانی جیهان و وزە، هیچکات هێندەی ئەم رۆژانە پێویستیان بە نەوت نییە، چونکە بازاڕی وزە لە هەموو رووەکانەوە هێندەی ئێستا ناسەقامگیر نەبووە، تەنانەت ئێران و وڵاتانی دیکەش، کە ئابڵوقەی ئابوورییان لەسەرە، ئێستا رێگەیان بۆ کراوەتەوە بۆ فرۆشتنی نەوت و هەناردەکردنی بۆ بازاڕەکانی جیهان، بەڵام نەوتی هەرێمی کوردستان دوای نزیکەی 11 مانگ، هێشتا دیار نییە کەی دەستدەکرێتەوە بە هەناردەکردنەوەی بۆ بازاڕەکانی جیهان لەرێگەی بەندەری جەیهان، یاخود لانیکەم گواستنەوەی بە تانکەر بۆ بەندەری بەسرە وەکو ئەوەی بۆ نەوتی کەرکووک دەکرێت. 
 

 

کێ قەرەبووی ملیاران دۆلاری لەدەستچووی راگرتنی هەناردەکردنی نەوت لە ئەستۆ دەگرێت؟
 
ساڵی رابردوو (2023) بەپێی خەمڵاندنەکان بڕی نەوتی بەرهەمهێنراو و فرۆشراو بە نێوخۆ لە هەرێمی کوردستان کۆی داهاتەکەی 4.06 ملیار دۆلار بووە، ئەگەر وەک چارەگی یەکەمی 2023 داهاتی نەوتی فرۆشراو لەنێوان کۆمپانیاکان و حکومەت خەمڵاندنی بۆ بکەین، ئەوا 1.8 ملیار داهاتی سافی بووە.
 
لە ماوەی شەش ساڵی رابردوودا و تەنانەت لە سەردەمی کۆرۆنا، کە نرخی نەوت گەیشتە ژێر سفر و جیهان لە جوڵە کەوت، هێندەی ساڵی رابردوو زیانی بە هەرێمی کوردستان و پیشەسازییەکەی نەگەیاندووە، ئەگەر ئەو بڕە نەوتەی لە هەرێمی کوردستان بەرهەمهێنراوە، بڕیاری دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس نەبووایە، بە نرخی نەوتی برێنت یان عێراق بفرۆشرایە کە بەتێکڕا نرخی نەوتی برێنت 80 دۆلار بووە، ئەوا داهاتی ئەو بڕەی بەرهەمهاتووە دوو هێندە دەبوو. 
 
گرافیک 4: داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان لەنێوان ساڵانی 2018 بۆ 2023

 

 

کۆتایی
 
پیشەسازیی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان ساڵێکی سەختی بەڕێکرد و چاوەڕوان ناکرێت لەم رۆژانەشدا ئەنجامی گفتوگۆکان بگەنە رێککەوتنی کۆتایی بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، چونکە دوای نزیکەی 11 مانگ، هێشتا گفتۆگۆکان بەردەوامییان هەیە.
 
بڕیارەکەی دادگەی باڵای فیراڵیی عێراق و نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس دۆخێکی وایان دروستکرد، کە کابینەکەی سوودانی دوای ساڵێک و چوار مانگ، نەتوانێت یاسای نەوت و گازی عێراق رەوانەی پەرلەمان بکات، لەکاتێکدا لەکاتی راگەیاندنی کابینەکەیدا، محەممەد شیاع سوودانی بەڵینی دابوو پاش شەش مانگ رەوانەی پەرلەمانی بکات و کۆتایی بەم پرسە بهێنێت.
 
زیانە ملیار دۆلارییەکانی راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بازاڕەکانی جیهان وایکردووە رۆژانێکی سەختی ئابووری دروستبن. 
 
لە کۆتاییدا، راگرتنی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان زیانێکی ملیاران دۆلاری لە ئابووری و ژێرخانی هەرێمی کوردستان داوە، بەردەوامیشی جگە لە زیان، قازانجی بۆ هیچ لایەنێک تێدا نییە! ئەی بۆچی لایەنەکان ناگەنە رێککەوتن؟