دەروازەی ئیبراهیم خەلیل: ئاڵوگۆڕی بازرگانی بە رێژەی 70٪ بۆ 80٪ دابەزیوە
رووداو دیجیتاڵ
دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل دەڵێت، بەهۆی بوومەلەرزەکە و ناجێگیریی بەهای دینارەوە، ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە دەروازەکەوە بە رێژەی 70٪ بۆ 80% دابەزیوە.
رۆژی شەممە، 11-2-2023، دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل لە راگەیێندراویکدا رایگەیاند: "بەهۆی ئەو بوومەلەرزەی کە 6ـی شوبات لە تورکیا روویدا، کارگەیەکی زۆری بەرهەمهێنان لەو وڵاتە وەستاون و رێگەوبانەکانیش تێکچوون؛ هەروەها ناجێگریی بەهای دیناریش بووەتە هۆکاری ئەوەی 70٪ بۆ 80% ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل کەم ببێتەوە".
شۆفێرانی بارهەڵگر لە دەروازەکە لە بووڵتەنی ئابووریی ئەمڕۆی رووداودا بۆ هونەر رەشید، پەیامنێری رووداو قسەیانکرد و باسیان لەوەکرد کە نزیکەی 30 کاژێرە راگیراون و نەیانتوانیوە بچنە خاکی باکووری کوردستان و تورکیا؛ هۆکارەکەشیان گێڕایەوە بۆ خراپیی رێگەوبان و رێگەدانی پێشینە بۆ ئەو هاوکارییانەی رەوانەی تورکیا و باکووری کوردستان دەکرێن.
دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل سەرەکیترین دەروازەی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیایە کە جگە لە هەرێمی کوردستان بۆ زۆرینەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق کەلوپەلی جۆراوجۆری لێوە هاوردە دەکرێت.
بەگوێرەی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان، ساڵی 2022، پێنج هەزار و 204 مۆڵەتی هاوردەکردن دراوەتە بازرگانان و بە بەهای زیاتر لە 15 ملیار و 400 ملیۆن دۆلار کاڵا هاوردە کراوە.