وەزارەتی دارایی عێراق: 700 ملیار دینار قەرز دەدرێتە حکومەتی هەرێمی کوردستان

رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند لەسەر داوای سەرۆکوەزیرانی عێراق و لەژێر چاودێریی وەزیری دارایی عێراق، بڕی 700 ملیار دینار قەرز دەدرێتە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی مووچەی مووچەخۆران.
 
وەزارەتی دارایی عێراق ئەمڕۆ (یەکشەممە، 10-12-2023) لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد، رۆژی هەینی (8-12-2023) وەزارەتەکە نووسراوێکی کردووە، تێیدا بڕیاردراوە بە پێدانی قەرزێکی 700 ملیار دیناری بۆ پێدانی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەمەرجێک ئەو بڕە پارەیە دواتر لە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بەپێی یاسای بودجە پاکتاو بکرێت.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی ئەو 700 ملیار دینارەیە کە سوودانی واژۆی لەسەر ناردنی کردووە بۆ ئەوەی دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوولی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بکات. 
 
هەرێمی کوردستان مانگانە پێویستی بە 920 بۆ 940 ملیار دینارە بۆ مووچە، جگە لە خەرجیی بەکاربردن و دامودەزگاکان و بودجەی وەبەرهێنان و تێچووی بەرهەمهێنانی کارەبا، بڕیارە ئەو کورتهێنانەی بۆ مووچە دروست دەبێت، لە داهاتی نێوخۆ پڕبکرێتەوە.  
 
دوێنێ (شەممە 09-12-2023)، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەرنامەی بێستوون تۆکی تۆڕی میدیایی رووداودا کە لە بەغدا تۆمارکرا، باسی لە ناردنی پارە بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی، "دوێنێ واژۆم لەسەر ناردنی 700 ملیار دیناری قەرز بۆ مووچەی هەرێمی کوردستان کرد." 
 
رۆژی 14ـی ئەیلوولی ئەم ساڵ شاندێکی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی بەغدا و هەولێر تایبەت بە بودجە و مووچە سەردانی بەغدای کرد و جگە لە کۆبوونەوە لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، لەگەڵ بەرپرسانی دیکەی عێراق و لایەنە سیاسییە عێراقییەکان کۆبووەوە.
 
دواتر ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بڕی دوو تریلیۆن و 100 ملیار دینار بە قەرز بە هەرێمی کوردستان بدات بۆ ماوەی سێ مانگ، واتە مانگانە 700 ملیار دینار، ئەوەش بۆ دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان. تاوەکو ئەمڕۆ دوو جار پارەکە نێردراوە و بەگوێرەی رێککەوتنەکە یەک گوژمەی دیکەی 700 ملیاری ماوە.