بانکى ناوەندیی عێراق چەند بڕیارێک لە بارەى فرۆشتنى دۆلار دەردەکات

رووداو دیجیتاڵ

بانکى ناوەندیى عێراق چەند بڕیارێک لەبارەى فرۆشتنى دۆلار دەردەکات لەوانە هەر کۆمپانیایەک زیاتر لە سێ سکاڵاى لێ بکرێت، سزاکەى دەگاتە ئاستى وەرگرتنەوەى مۆڵەت و دانى بە دادگا و ئەو دۆلارەى دەفرۆشرێت بە کۆمپانیاکانى ئاڵوگۆڕى دراو، ژمارەکانیان تۆمار دەکرێت و ئەگەر لەبازاڕدا بدۆزرێتەوە، چیدی دۆلار بە کۆمپانیاکە نافرۆشرێت.
 
رۆژی 7ـی ئاب بانکى ناوەندیى عێراق بە نووسراوى فەرمى چوار بڕیارى ئاراستەى بانکەکانى تایپى (A,B) و کۆمپانیاکانى ئاڵوگۆڕى دراو کردووە لەبارەى فرۆشتنى دۆلار و، داوادەکات پابەند بن پێوەى. 
 
یەکێک لە بڕیارەکان ئاماژە بەوە دەکات؛ دەبێت پابەند بن بە رێکارەکانى فرۆشتنى دۆلار بەشێوەیەک، بگاتە دەستى کەسانى شایستە و تەنیا بۆ ئەو بوارە بەکاربهێندرێت کە بۆى دیاریکراوە، ئەگەرنا سزاى کۆمپانیاکە دەدرێت، هەر لە بێبەشکردنى لە فرۆشتنى دۆلار، تاوەکو دەگاتە وەرگرتنەوەى مۆڵەتى کۆمپانیاکە.
 
بانکى ناوەندى ئاماژەى بەوە داوە، ئەو دۆلارەى بە بانک و کۆمپانیاکان دەدرێت، ژمارەى ریزبەندییەکەیان تۆماردەکەن و ئەگەر یەکێک لەو ژمارانە لەلاى دۆلارفرۆشى رێگەپێنەدراو ببینرێت، کۆمپانیاکە بەرپرسیاریێتى دزەکردنى ئەو دۆلارە دەگرێتە ئەستۆ، کە جگە لە کشاندنەوەى مۆڵەتى کۆمپانیاکە، رووبەڕووى دادگاش دەکرێتەوە. 
 
یەکێک لە بڕیارەکانى دیکە کە واژۆى عەلى عەللاق، پارێزگارى بانکى ناوەندیی لەسەرە، ئەوەیە؛ لە 8ـی ئابەوە رێکارێکى نوێ گیراوەتەبەر کە ئەگەر هەر کۆمپانیایەک سێ سکاڵاى لە هاووڵاتیانەوە لەسەر بکرێت و دڵنیاببنەوە لە دروستیی سکاڵاکە، رێگرى لێدەکرێت بەوەى بەشدارى لە دەروازەى کڕین و فرۆشتنى دۆلاردا بکات لە بانکى ناوەندى، تاوەکو ئەوکاتەى رێکارێکى نوێ پێشکێش دەکات بۆ ئەوەى دۆلار بەشێوەیەکى رێگەپێدراو بفرۆشێت و بانکى ناوەندى رەزامەندى لەسەر بدات، ئەگەر ئەو لادانانەش دووبارە بکاتەوە، کۆمپانیاکە چیدی ناتوانێت بچێتە نێو دەروازەى کڕین و فرۆشتنى دراوى بیانییەوە.