داواکاری گشتیی کرماشان دەڵێت، گەنم بە قاچاخ دەبرێتە عێراق؛ هەرێمی کوردستان رەتی دەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
داواکاری گشتیی پارێزگای کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێت، لەو پارێزگایەوە گەنم بە قاچاخ دەبردرێتە عێراق. زۆرینەی سنووری پارێزگاکە لەگەڵ هەرێمی کوردستانە و بەرپرسانی هەرێمی کوردستانیش رەتی دەکەنەوە.
دوێنێ یەکشەممە 09-06-2024 حەمیدڕەزا کەریمی، داواکاری گشتیی پارێزگای کرماشان رایگەیاند، "لەم ساڵانەی دواییدا بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی گەنم لە عێراق، بەقاچاخبردنی گەنم بۆ وڵاتی دراوسێ [عێراق] زیادیکردووە و هەندێک کەس هەوڵ دەدەن گەنمی جووتیارانی پارێزگاکە بکڕن و بە قاچاخ بۆ وڵاتە دراوسێیەکەی بگوازنەوە."
بەشێکی سنووری پارێزگای کرماشان هاوسنووری ئەو ناوچانەی باشووری کوردستانە کە لەڕووی کارگێڕییەوە سەر بە حکومەتی عێراقن؛ بەشی زۆریشی هاوسنوورە لەگەڵ ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و پارێزگای هەڵەبجە.
شاهین رەزا، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە ئەمڕۆ دووشەممە 10ی حوزەیرانی 2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "گەنم بە قاچاخ بهێندرێت، بە تەنەکە ناهێندرێت و بە بارهەڵگر دەهێندرێت، ئەوەش بە هیچ جۆرێک لە سنوورەکەماندا راست نییە و ئێستا کە کاتی وەرگرتنی گەنمە، هاوردەکردنی هەر قەدەخەیە."
شاهین رەزا ئاماژەی بەوەش کرد، تاوەکو ئەمڕۆ لە سنووری پارێزگاکە هیچ کەسێک بەهۆی هاوردەکردنی گەنمەوە بە قاچاخ یان لە دەروازەکانەوە دەستگیر نەکراوە.
ناحیەی بیارە لە دەڤەری هەورامان سەر بە پارێزگای هەڵەبجەیە و ئەودیوی رۆژهەڵاتی کوردستانە. بەرپرسی ناحیەکە رەتیدەکاتەوە هیچ گەنمێک لە سنوورەکەیانەوە هاوردە کرابێت.
حەمید بارام، بەڕێوەبەری ناحیەی هەورامان ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "سرووشتی ناوچەکەی ئێمە شاخاویی سەختە و بۆ ئەوە نابێت بە کیلۆ گەنم بە قاچاخ بگوازرێتەوە. نۆ ساڵە بەڕێوەبەری ناحیەکەم و نەمدیوە کیلۆیەک گەنم بە قاچاخ هێندرابێت."
بەڕێوەبەری ناحیەی هەورامان دەڵێت، لە سنووری ناوچەکەیەوە هیچ دەستگیرکردنیان بەهۆی هاوردەی گەنمەوە لە ئێرانەوە تۆمار نەکردووە و گوتی، "بە فەرمی و نافەرمیش هیچ کەسێک بەو تۆمەتە دەستگیر نەکراوە."
هاوکات چۆمان ئەحمەد، گوتەبێژی ئیدارەی گەرمیان ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە سنووری گەرمیاندا هێزی پاسەوانی سنوور و ئاسایش هەیە. تاوەکو ئەمڕۆ هیچ کەیسێکی لەو شێوەیەیان بە ئێمە نەگوتووە کە گەنم بە قاچاخ هێندرابێت یان کەسیان بەو تۆمەتە دەستگیر کردبێت."
ئەم ساڵ حکومەتی عێراق تۆنێک گەنم بە 850 هەزار دینار وەردەگرێت، بەڵام بۆ هەرێمی کوردستان سنووری بۆ وەرگرتنەکە داناوە و تەنیا 700 هەزار تۆن وەردەگرێت.
بەرپرسانی عێراق بە ناڕاستەوخۆ دەڵێن، متمانەیان بەو بڕەی بەرهەمی گەنم نییە لە هەرێمی کوردستان هەیە، کە بە زیاتر لە ملیۆن و نیوێک تۆن دانراوە، لە بەرامبەردا جووتیارانی هەرێمی کوردستان دەڵێن، گەنمی خۆیانە نەک هاوردە و عێراق لێیان وەرناگرێت، هەربۆیە ئەوانیش بە نرخی هەرزان دەیدەنەوە.