بەهۆی وەبەرهێنانەوە 1800 كەس بوونەتە ملیۆنێر و 30 كەسیش ملیاردێر
نەوزاد مەحموود و رۆژان ئەبوبەكر
رووداو – سلێمانی
بەشێك لە وەبەرهێنەرانی سلێمانی، رەخنە لەدەستەی وەبەرهێنان دەگرن و پێیانوایە ئەو دەزگایە بەشێوەیەكی دادپەروەرانە دەرگای پرۆژە و تەندەرەكان لەبەردەم وەبەرهێنەراندا ناكاتەوە. هەندێك لەو وەبەرهێنەرانەی قسەیان بۆ (رووداو) كرد، ترسی ئەوەیان هەبوو ئەگەر بە ئاشكرا قسەبكەن، چیدی پڕۆژەیەك لەوەبەرهێنان وەرنەگرن.
یەكێك لە وەبەرهێنەرەكانی سلێمانی دەڵێت "7ساڵە یەك پڕۆژەی وەبەرهێنانم بۆ دەرچووە، بەڵام وەبەرهێنەر هەیە 3 پڕۆژەی بۆ دەرچووە لەماوەی ئەو 7 ساڵەدا". ئەو وەبەرهێنەرە كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، نیگەران بوو لەوەی كە ئەوان ناتوانن بەردەوام بە رێگەی وەبەرهێنان و هاتوچۆ و رۆتیناتەوە بن بۆ وەرگرتنی پرۆژەیەك.
نزیكەی 10 رۆژ لەمەوبەر، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی سلێمانی كرد و لەگەڵ وەبەرهێنەر و خاوەنكارانی سلێمانی كۆبووەوە. كۆبوونەوەكە تایبەت بوو بە پرسی وەبەرهێنان و پڕۆژەكانی سلێمانی، دواتر پرۆژەی چاڤی گەشتیاری كردەوە كە یەكێكە لە پڕۆژە گەورەكانی هەرێمی كوردستان.
یەكێكی دیكە لە وەبەرهێنەران دەڵێ بەهۆی ئەو نادادپەروەریە، بیر لەوە دەكاتەوە كە ئیدی لە بوارێكی دیكەدا كاربكات. ئەو وەبەرهێنەرە گوتیشی "حكومەت دەتوانێ كاربداتە هەموو كۆمپانیایەك و بیانووی ئەوەش نەهێڵی كە یەكێك پرۆژەكەی خراپ ئەنجام دەدات یان لەكاتی خۆیدا تەواوی ناكات".
یاسین مەحموود، گوتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان، وای نابینێ نادادپەروەری هەبێ و دەڵێت سەرجەم پڕۆژەكان بەپێی یاسای ژمارە 4 ی ساڵی 2006 دەدرێتە وەبەرهێنەران و هەلی كار بە یەكسانی بەسەر وەبەرهێنەراندا دابەشكراوە.
گوتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەران باسی سەردانەكەی نێچیرڤان بارزانی كرد بۆ سلێمانی و گوتی "چەندین پڕۆژەی گرنگ كرانەوە و باس لە كردنەوە و ئەنجامدانی پڕۆژەی زۆر گرنگیش كرا".
ناوبراو وردەكاری كۆبوونەوەكەیان لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی باسدەكات كە تایبەت بوو بە كەرتی تایبەت و بەڵێندەران و وەبەرهێنەران و ژوورە بازرگانیەكان و پیاوانی كار "هەموو ئەو خاڵە گرنگانەی پێویستە بۆ چالاككردنی پڕۆژەكانی شاری سلێمانی، بە شێوەیەكی گشتی باسكران، ئێمە وەك كەرتی تایبەت داوامان كرد حكومەت بەشداری كۆبوونەوەكە نەكات، بۆیە تەنیا سەرۆكی حكومەت و پارێزگاری سلێمانی ئامادەی كۆبوونەوەكە بوون".
هەروەك ئەو وەبەرهێنەرانەی رەخنە لە سیاسەتی دابەشكردنی پڕۆژەكان دەگرن، گوتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەران، دەڵێ بەشداری وەبەرهێنەران لە پرۆسەی وەبەرهێنان "جێگەی دڵخۆشی سەرجەم وەبەرهێنەران نییە بەو پێیەی پڕۆژەیان پێنادرێ و بە یەكسانی هەلی كار دابەش ناكرێت بەسەریاندا"، گوتیشی "وەبەرهێنان كاركردنە بە عەقڵ و فیكر، ئافەرین بۆ ئەوەی دەتوانێت ئیشی باش بكات و پڕۆژەی باشی هەبێت".
گوتیشی ئەوەی دەڵێ پرۆژەم نادرێتێ "خۆی تەمبەڵەو ناتوانێت بە باشی پرۆژەكەی دەستبخات، هەلی كار دادپەروەرانە دراوەتە سەرجەم وەبەرهێنەران، تاوەكو ئێستا 25 پڕۆژە مۆڵەتیان لێسەندراوەتەوەو 50 پڕۆژەش هەقە لێیان وەربگیرێتەوە".
"1800 ملیۆنێر و 30 ملیاردێر"
بەپێی ئامارێكی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان، لەسەرەتای دەستپێكردنی پڕۆسەی وەبەرهێنانەوە لە هەرێمی كوردستان تاوەكو ئێستا 1800 كەس لەرێگەی وەبەرهێنانەوە سەروەت و سامانیان گەیشتووەتە سەرووی 5 ملیۆن دۆلار و 30 كەسیش سامانیان لە سەرووی یەك ملیار دۆلارە.
لەناو پڕۆژەكانی وەبەرهێنانیشدا، تاوەكو ئێستا 183 هەزار كەس دەرفەتی كاریان پێدراوە، كە مەبەست لەوانە كرێكارانی نێو پرۆژەكانن.
هەر بەپێی ئامارەكە، تاوەكو ئێستا 200-300 كارخانە لە هەرێمی كوردستان كراونەتەوە، بەڵام وەك یاسین مەحموود دەڵێ "بۆ ئەوەی هەلی كار زۆرتر بێ، پێویستمان بە 800 كارخانە هەیە"، هەروەها دەڵێ "تاوەكو ئێستا 1580 مۆڵەت لەلایەن وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی و لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزارەوە دراوەتە وەبەرهێنەران".
عەزیز سەعید، بەڕێوەبەری جێبەجێكردن لەدەستەی وەبەرهێنانی سلێمانی، رەتیدەكاتەوە جیاوازی بكەن لە نێوان وەبەرهێنەراندا و دەڵێ لەبەر نەبوونی ئاماری وەزارەتی پلاندانان، پشت دەبەستین بە وەبەرهێنەران تاوەكو بزانین پرۆژەی چیمان بۆ دێنن "ئەگەر بزانین پرۆژەكە باشە و لە خزمەتی هاووڵاتیانە مۆڵەتی دەدەینێ، تەنانەت ئەگەر وەبەرهێنەرەكە بیانیش بێت، بە هەمان یاسای ژمارە 4 ی ساڵی 2006 كاریان لەگەڵ دەكەین".