داهات و قازانجی کۆمپانیای دانەگاز بۆ چارەکی یەکەمی ئەمساڵ کەمی کردووە
رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای دانە گازی ئیماراتی ئاشکرای دەکات کە داهات و قازانجیان لە چارەکی یەکەمی 2023 بەراورد بە هەمان کاتی ساڵی 2022 دابەزیوە، بەڵام بەرهەمی نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان زیادیکردووە.
لە راپۆرتێکدا، ئەمڕۆ چوارشەممە، 10ـی ئایار دانە گاز رایگەیاند، کۆمپانیاکەیان لە چارەکی یەکەمی 2023 قازانجەکەی 50 ملیۆن دۆلاربووە، لەکاتێکدا لە چارەکی یەکەمی 2022، 54 ملیۆن دۆلاربوو، ئەمەش بە واتا ئەوەی بەراورد بە ساڵی رابردوو، قازانجەکەی 7٪ دابەزیوە.
کۆمپانیاکە هۆکاری کەمبوونەوەی قازانجەکەی بۆ دابەزینی نرخی نەوت گەڕاندووەتەوە، بەڵام ئاماژەی بەوەشکردووە، زیادبوونی بەرهەمی کێڵگە نەوتی و گازییەکانی هەرێمی کوردستان و کەمبوونەوەی تێچووی بەرهەمهێنان، یارمەتیی کۆمپانیاکەی داوە قەرەبووی ئەو دابەزینە بکاتەوە.
بە گوێرەی راپۆرتەکە، بەرهەمی ئەو کێڵگە نەوتییانەی هەرێمی کوردستان کە کۆمپانیاکە کاریان تێدا دەکات، لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا 7٪ زیادیکردووە، بە جۆرێک کە 38 هەزار و 700 بەرمیل نەوتی رۆژانە بووە بەراورد بە 34 هەزار و 400 بەرمیلی چارەکی یەکەمی ساڵی 2022.
راپۆرتەکە هەروەها ئاماژە بەوە دەکات، بەرهەمی گازی کێڵگەی کۆرمۆر لە مانگی یەکەمی ئەمساڵ، گەیشتووەتە ئاستی پێوانەیی 500 ملیۆن پێ سێجا لە رۆژێکدا.
کۆمپانیای دانە گاز دەشڵێت، کاری هەڵکۆڵینی لە 5 بیری پڕۆژەی KM250 واتە پڕۆژەی فراوانکردنی کێڵگەی کۆرمۆر تەواوکردووە و لە پشکنینی دوو بیر دەرکەوتووە توانایان هەیە بە هەمان توانستی بیرەکانی دیکەی کێڵگەکە گاز بەرهەمبێنن و سێ بیرەکەی دیکەش لە کاتێکی کورتدا پشکنینیان بۆ دەکرێت. کۆمپانیاکە بەو هیوایەیە لە چارەگی دووەمی 2024دا دەست بە بەرهەمهێنانی گازی ئەو بیرە نوێیانە بکات.
دانە گاز هەروەها روونیدەکاتەوە کە بەرهەمی چارەکی یەکەمی 2023ـی لە هەموو ئەو کێڵگانەی لە هەرێمی کوردستان و میسر کاریان لەسەردەکات، تێکڕای 62 هەزار و 900 بەرمیل نەوتی رۆژانە بووە، واتە 1٪ زیادیکردووە بەراورد بە چارەکی یەکەمی 2022.
دانە گاز داهاتەکەشی ئاشکرا دەکات و لە چارەگی یەکەمی 2023دا نزیکەی 122 ملیۆن دۆلار بووە لەکاتێکدا لە چارەکی یەکەمی 2022دا نزیکەی 140 ملیۆن دۆلاربووە، ئەمەش واتا 13٪ کەمی کردووە بەراورد بە هەمان ماوە لە ساڵی پێشتر.
د. پاتریک ئاڵمەند وارد، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دانە گاز لە راپۆرتەکەدا دەڵێت، "دانە گاز ئەنجامێکی دارایی و کارگێڕی تۆکمەی بەدەستهێناوە، ئەمە سەرەڕای ئەو ئاستەنگییەی لەبەردەم نرخی وزەدا درووستبووە."
د. وارد جەختدەکاتەوە کە سەرەڕای دۆخی پڕ ئاڵنگاری لە هەرێمی کوردستان و میسر، دانە گاز "لە رووی داراییەوە بە پابەندی دەمێنێتەوە و سەرنجی لەسەر پاراستنی بەرهەم و دابەزاندنی تێچووەکان دەبێت."