هاوپەیمانیى بەڕێوەبردنى دەوڵەت وادەی دەنگدانی لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە دیاریکرد


رووداو دیجیتاڵ 

هاوپەیمانیى بەڕێوەبردنى دەوڵەت رێککەوتوون کە 17ـى ئایار وادەى بەرایی دەنگدان بێت لەسەر پڕۆژەیاساى بودجەى گشتیى عێراق. سەرکردەیەکى هاوپەیمانیى چوارچێوەی هاوئاهەنگی رایگەیاند: "رێککەوتن کراوە کە 15ـی مانگ گفتوگۆ لەسەر پڕۆژەیاساکە کۆتایی بێت و تاوەکو 17ـى ئایار دەنگى لەسەر بدرێت".

هاوپەیمانیى بەڕێوەبردنى دەوڵەت لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، کە پێکهێنەرانى ئەو هاوپەیمانێتییە 17ـى ئایار-یان دیاریکردووە وەک وادەى بەرایی دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەى گشتیى عێراق لە پەرلەمان.
 
هاوپەیمانیى بەڕێوەبردنى دەوڵەت ئاماژەى بەوەداوە کە دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاساکە لەدواى ئەوە دەبێت سەرجەم تێبینییەکان لەبەرچاو بگیرێت و پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى بەشێوازێک دابڕێژرێتەوە، کە لەگەڵ کارنامەى حکومەت بگونجێت.
 
ئەو رێککەوتنەى هاوپەیمانیى بەڕێوەبردنى دەوڵەت لەپاش ئەوە هات، کە ئەمڕۆ چوارشەممە، 10ـى ئایار نوێنەرى پێکهێنەرانى هاوپەیمانێتییەکە بە بەشداریى محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیران و محەممەد حەلبووسی، سەرۆکى پەرلەمانى عێراق کۆبوونەوە.
 
هاوپەیمانیى بەڕێوەبردنى دەوڵەت لە سەرجەم ئەو لایەنانە پێکھاتووە کە حکومەتى ئێستایان پێکهێناوە کە بریتین لە هاوپەیمانێتیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى، هاوپەیمانیى سەروەرى، هاوپەیمانیى عەزم، یەکێتى، پارتى و بزووتنەوەى بابلیون.
 
ئەبو میساق مەسارى، ئەندامى مەکتەبی سیاسیى رێکخراوى بەدر، کە یەکێکە لە پێکهێنەرانى هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى، بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "هاوپەیمانیى بەڕێوەبردنى دەوڵەت بەشێوەیەکى بەرایی لەسەر ئەوە رێککەوتوون، کە 15ـى ئایار کۆتایی بە سەرجەم گفتوگۆکان لەبارەى پڕۆژەیاسای بودجەى گشتى بێت و 17ـی مانگ دەنگى لەسەر بدرێت."
 
ئەبو میساق مەسارى گوتیشى: "رەنگە وادەى دەنگدانەکە پێش بخرێت، ئەگەر کێشە لەبارەى ناوەڕۆکى پڕۆژەیاساکە نەمێنێت و لە 15ـی مانگەوە ئەگەرى ئەوە هەیە دەنگى لەسەر بدرێت".
 
پەرلەمانى عێراق لە 16ـى نیسانى 2023 خوێندنەوەى دووەمى بۆ پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى کرد، کە هەنگاوى پێش دەنگدان و پەسندکردنیەتى لە پەرلەمان.
 
بڕیارە لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق راپۆرتێکى بەرایی بداتە هاوپەیمانیى بەڕێوەبردنى دەوڵەت لەبارەى تێبینییەکانى سەر پڕۆژەیاسای بودجەى گشتى بەمەبەستى چارەسەرکردنیان بەر لەوەى بودجە بخرێتە دەنگدانەوە.
 
پڕۆژەیاسای بودجەى گشتیى عێراق بۆ ماوەى سێ ساڵە و قەبارەکەى زیاتر لە 199 تریلیۆن دینارە، زیاتر لە 16 ترلیۆن دینارى پشکى هەرێمى کوردستانە.