پار 83٪ـى پارەی قەرەبووى مادەى 140 دراوەتە پارێزگاکانی نێوەڕاست و خوارووی عێراق

 
 
رووداو دیجیتاڵ 

پار زیاتر لە 83٪ـى چەکى قەرەبووى مادەى 140ى دەستوور بۆ پێنج پارێزگاى نێوەڕاست و باشووری عێراق خەرج کراوە. زۆرینەى چەکى قەرەبوو لە کەرکووک بۆ عەرەبى هاوردە خەرجکراوە. 
 
بەگوێرەى بەدواداوچوونى تۆڕى میدیایی رووداو، لە ساڵى 2024دا لیژنەى باڵاى مادەى 140ى دەستوور 18 هەزار و 208 چەکى قەرەبووى خەرجکردووە بۆ ئەوانەى ئەو مادە دەستوورییە دەیانگرێتەوە. 
 
لەو ژمارەیە 15 هەزار و 213 چەکیان بۆ زیانلێکەوتووانى پێنج پارێزگاى نێوەڕاست و باشوورى عێراق خەرجکراوە، کە دەکاتە 83.5٪ـى کۆی چەکە قەرەبووە خەرجکراوەکان. 
 
لە یاسای بودجەى گشتى سێ ساڵەى عێراق، بۆ هەر ساڵێک 100 ملیار دینار وەک بودجەى لیژنەى باڵاى جێبەجێکردنى مادەى 140 دانراوە.
 
قەرەبووەکەی پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دراوەتە دانیشتووانی واست، بابل، بەسرە، مەیسان و زیقار. ئەو کەسانە لەسەر بودجەى مادەى 140 قەرەبوو دەکرێنەوە کە گوایە لەکاتى شەڕى ئێران و عێراق یان لەلایەن دەسەڵاتى پێشووى حیزبى بەعس زیان بەر موڵک و ماڵیان کەوتووە.
 
زۆرترین قەرەبووى ساڵى 2024 بۆ پارێزگاى مەیسان بووە کە چوار هەزار و 91 چەکى قەرەبوو دابەشکراون، پارێزگاى بەسرە لە پلەی دووەمدا بووە بە دابەشکردنى سێ هەزار و 9810 چەکى قەرەبوو. 
 
کاکەڕەش سدیق، ئەندامى لیژنەى باڵاى جێبەجێکردنى مادەى 140 بە رووداوى راگەیاند، زیادبوونى بڕى قەڕەبووکردنەوەى دانیشتووانی ناوچەکانى ناوەڕاست و باشوور بە پاساوى ئەوەیە کە هاوسەنگى دروستبکرێت لەو قەرەبوو کردنەوەیە، بەو پێیەى لە 2007 ەوە زیاتر قەرەبووەکان بۆ ناوچە کوردستانییەکان بووە.
 
کاکەڕەش سدیق گوتى: "چەندینجار گفتوگۆمان لەسەر ئەو پرسە کردووە، ئەوانەى کە لەو پێنج پارێزگایە قەرەبوو دەکرێنەوە بە هاوشێوەى ناوچە کوردستانیەکان  یەکى 10 ملیۆن دینار وەردەگرن" . 
 
پار 152 ملیار و 130 ملیۆن دینار چەکى قەرەبوو بۆ زیانلێکەوتووانى ئەو پێنج پارێزگایەى عێراق خەرج کراوە. 
 
بەگوێرەى ئەو ئامارانەى لیژنەى باڵاى مادەى 140 بڵاوی کردوونەتەوە، پار دوو هەزار و 558 چەکى قەرەبووکردنەوە لە کەرکووک دابەشکراون، هەزار و 318 چەکیان بۆ عەرەبى هاوردە بووە، هەزار و 245 چەکە بانکییەکەى دیکەش بۆ قەرەبووى ئاوارەکان بووە کە کورد و تورکمان دەگرێتەوە. 
 
کاکەڕەش سدیق گوتى: "نزیکەى چوار هەزار ئاوارە لە کەرکووک ماون کە قەرەبووى مادەى 140 وەربگرن."
 
پار لە سنوورى خانەقین 437  ئاوارە چەکى قەرەبوویان لەلایەن لیژنەى باڵاى مادەى 140 پێدراوە. 
 
رێکارەکانى لیژنەى باڵاى مادەى 140 بۆ هەر ئاوارەیەک 10 ملیۆن دینار و هەر عەرەبێکى هاوردە 20 ملیۆن دینار دەدرێت بەرامبەر بەجێهشتنى ناوچە کوردستانییەکان کە پێشتر لە چوارچێوەى هەڵمەتى بە عەرەبکردنى دەسەڵاتى پێشووى عێراق برابوونە ئەو ناوچانە.
 
ژمارەى چەکى قەرەبووى 2024
 
18,208 چەک
 
پارێزگاکانى نێوڕاست و باشوور
 
15,213 چەک
واست: 1,367
بابل: 1,968
 بەسرە: 3,980
 میسان: 4,091
  زیقار: 3,807
 
کەرکووک
 
2,558 چەک
عەرەبی هاوردە: 1,318 چەک
ئاوارەی کورد و تورکمان: 1,245 
 
خانەقین
 
ئاوارە: 437 چەک