نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بەڕێژەی 2% دابەزی
رووداو دیجیتاڵ
نرخی نەوت رۆژی هەینی لە کاتی داخستنی بازاڕەکان بەڕێژەی زیاتر لە 2% دابەزی، ئەمەش دوای کەمبوونەوەی نیگەرانییەکان لە پچڕانی بەرهەمهێنانی نەوتی ئەمریکا بەهۆی باهۆزی رافائێل و هاندانە نوێیە ئابوورییەکانی چین کە نەیانتوانی سەرنجی بازرگانانی نەوت رابکێشێت.
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور بەرێژەی 2.3% دابەزی و یەک بەرمیلی بە 73 دۆلار و 87 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا بەڕێژەی 2.7% دابەزی و بە 70 دۆلار و 35 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
بەرهەمهێنەرانی نەوت لە کەنارە ئاوییەکانی کەنداوی مەکسیک ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی خۆیان بەهۆی باهۆزی رافائیلەوە بەڕێژەی 23٪ کەمکردووەتەوە. بەڵام بەپێی ئاژانسەکانی پێشبینیی کەشوهەوا، باهۆزی رافائیل لەرۆژانی داهاتوو زیانەکانی کەمدەبێتەوە و کێشەی زیاتر بۆ بەرهەمهێنانی نەوت دروست ناکات.
ئەلێکس هۆد، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی ستۆن ئێکس لەوبارەیەوە رایگەیاند، "بەپێی پێشبینییەکان لە 5 رۆژی داهاتوودا باهۆزی رافائیل هەر لە ناوەندیی کەنداوی مەکسیک دەسووڕێتەوە و باڵ ناکشێنێت بۆ ناوچە نەوتییەکان."
لەلایەکی دیکەوە حکومەتی چین چەندین هاندانی نوێی راگەیاندووە و باری سەر شانی حکومەتە خۆجییەکانی لە گەڕاندنەوەی قەرزەکان سووک کردووە، بەڵام ئەو رێوشوێنانە نەیانتوانی سەرنجی بازرگانانی نەوت بەلای خۆیدا رابکێشێت و پاڵپشتی بۆ نرخەکانی نەوت دروستبکات.