ئۆنسەیەک زێڕ بۆ 2684 دۆلار دابەزی
رووداو دیجیتاڵ
لە ماوەی پێنج مانگی رابردوودا یەکەم هەفتەیە کە نرخی زێڕ بەردەوام دادەبەزێت. بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار لە دوای هەڵبژاردنی دۆناڵد ترەمپ وەکو سەرۆکی ئەمریکا هۆکاری سەرەکییە.
نرخی زێڕ رۆژی هەینی لە کاتی داخستنی بازاڕەکاندا بەڕێژەی 0.8% دابەزی و ئۆنسەیەکی بە 2684 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
لە ئاستی هەفتانەدا نرخی زێڕ بەڕێژەی 1.8% دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە.
نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتوودا بەڕێژەی 0.4% دابەزی و بە 2694 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
لە ماوەی هەفتەی رابردوودا بەهای دۆلاری ئەمریکی بەڕێژەی 0.8% بەرامبەر بە دراوەکانی دیکە بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.
بانکی ناوەندیی ئەمریکا رۆژی پێنجشەممە رێژەی سوودی بانکی 0.25%ی دیکە دابەزاند، بەڵام ئاماژەی بەوە داوە کە لە داهاتوودا بە وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵ سوودی بانکی دەکات و رەنگە کەمکردنەوەی سوودی بانکی بەپێی پێشبینییەکانی پێشوو بەردەوام نەبێت.
هان تان، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی ئیگزێنێتی گرووپ لەوبارەیەوە رایگەیاند، "کەمکردنەوەی سوودی بانکی و ئەو گەڕموگوڕییەی کە بازاڕ پێش سەری ساڵ بەخۆیەوە دەبینێت، بە ئەگەری زۆرەوە نرخی زێڕ بەرەو بەرزبوونەوە هاندەدات."
هان تان پێیوایە لە کورتخایەندا نرخی زێڕ لە سەرووی ئاستی هەستیاریی 2700 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت و دەتوانێت ئەو ئاستە بپارێزێت.