بەهای بیتکۆین گەیشتە بەرزترین ئاست لە مێژوودا


رووداو دیجیتاڵ 

بەهای بیتکۆین و ئیسێریۆم، دوو دراوی دیجیتاڵی کە لە دراوە دیجیتاڵییەکانی دیکە مامەڵەی زیاتریان پێوەدەکرێت نرخەکانیان گەیشتنە بەرزترین ئاستی خۆیان لە دوای دامەزراندنیان.
 
بەهای بیتکۆین بەرزبووەتەوە بۆ سەرووی 68 هەزار دۆلار کە بەرزترین ئاستی خۆیەتی لە مێژوودا. هەروەها بەهای ئیسێریۆم 4800 دۆلاری تێپەڕاندووە کە ئەویش بە هەمان شێواز بەرزترین ئاستییەتی لە دوای دامەزراندنی بلۆکچەینی ئیسێریۆمەوە.
بەهای دراوە دیجیتاڵییەکانی دیکە وەک سۆلانا و کاردانۆ هەریەکە بە رێژەی 23٪ و 9٪ بەرزبوونەتەوە.
 
ئەوە لەکاتێکدایە رۆژی دووشەممە بەهای پشکەکانی سندووقی ستراتکی بیتکۆین کە لەلایەن کۆمپانیای پرۆشەیرەوە مانگی رابردوو دامەزرا بە رێژەی ٪8 بەرزبووەوە.
 
لەگەڵ ئەوەشدا بەپێی سرووشتی دراوە دیجیتاڵییەکان، ناکرێت بەرزبوونەوە و نزمبوونەوەکانی دراوە دیجتاڵییەکان گرێبدرێتەوە بە رووداوەکانەوە، بەڵام هەندێ لە شرۆڤەکاران پێشبینییان کردووە بەهای دراوە دیجیتاڵییەکان لە چەند هەفتەی داهاتوودا زیاتر بەرزدەبنەوە.
 
میکڵ مۆرچ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سندووقی وەبەرهێنانی دراوە دیجیتاڵییەکان لە لێدوانێکیدا رایگەیاندووە، بەهای بیتکۆین بەم زووانە بەرزدەبێتەوە بۆ 70 هەزار دۆلار، واتە حەوت دەفتەر دۆلار. 
 
بانکی جەی پی مۆرگان لەلایەکی دیکەوە، پێشبینییەکانی خۆی بۆ بەهای بیتکۆین بەرزکردەوە بۆ 146 هەزار دۆلار لە ماوەیەکی درێژ خایەندا. لە کورتخایەنیشدا ئەو بانکە بەناوبانگەی ئەمریکا پێشبینی 73 هەزار دۆلاری بۆ بەهای بیتکۆین کردووە.
 
بیتکۆین چۆن دروستدەکرێت؟
 
دروستکردنی دراوێک کە بەرجەستە نەبێت و تەنیا کۆد و زانیاریی ئەلیکترۆنی بێت، پێویستی بەوە هەیە کە سیستەمێکی ئاسایشی بەهێزی هەبێت. یەکێک لە هۆکارەکانی سەرکەوتنی بیتکۆین ئەوەی کە تاوەکو ئێستا کەس نەتوانیوە سیستەمەکە هاک بکات. زانیارییەکانی بیتکۆین لەسەر کۆمەڵێک بلۆک هەڵدەگیرێن کە پێیان دەگوترێت "بلۆکچەین" واتە زنجیرەیەکی بلۆکی.
 
هەر بلۆکێک کۆمەڵێک زانیاری لەسەر هەڵدەگیرێت کە بریتین لە: 
 
1. هاش: پێکهاتووە لە 64 ژمارە، وەکو پەنجەمۆری بلۆکە، هاشی هیچ بلۆکێکی لە یەکێکی دیکە ناچێت.
 
2. هاشی پێشوو: ئەم بەشە بۆ بەستنەوەی بلۆکەکانە بەیەکدی، واتە هەر بلۆکێک جگە لە هاشەکەی خۆی، هاشی بلۆکەکەی پێش خۆی هەڵدەگرێت، لەبەر ئەوە هەر کەسێک بیەوێت بلۆکەکە بکات بە هی خۆی دەبێت هەموو زنجیرەکان بگۆڕێت کە ئەوەش کارێکی ئەستەمە.
 
3. ناوی خاوەنی بلۆکەکە و خاوەنەکانی پێشتر.
 
لە ساڵانی سەرەتای دروستکردنی بیتکۆین بەشداربووان دەیانتوانی لەڕێگەی کۆمپیوتەرێکی سادەوە بلۆک دروستبکەن، بەڵام ئێستا ژمارەی هاشەکان هێندە ئاڵۆز بوون کە دەبێت بە ئامێرێکی تایبەت پرۆسەی ماینینگ بکرێت. 
 
ماینینگ پرۆسەیەکە بۆ دروستکردنی بلۆکچەین بەبێ ئەوەی پێویست بکات راستەوخۆ بکڕدرێت، ئێستا ژمارەیەکی زۆر ئامێری ماینینگ لە جیهاندا بڵاوبوونەتەوە کە تاوەکو ئێستا ئامارێکی فەرمی لەو بارەیەوە لە بەردەست نییە. 
 
هەر ئامێرێک بتوانێت خێراتر بگاتە ژمارەی هاشێکی دیاریکراو، ئەوا بلۆکچەینەکە بۆ ئەو ئامێرە دەبێت. پاشان زانیارییەکە دەگوازرێتەوە بۆ هەموو ئەو کۆمپیتەرانەی کە ماینینگ دەکەن، بەو شێوەیەش ئاسایشی بلۆکچەینەکە پارێزراو دەبێت.