ئەمریکا فڕۆکەیەکی بۆینگ و 12 هێلیکۆپتەر بە ئوسترالیا دەفرۆشێت


رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی ئەمریکا بە گرێبەستێك 12 هێلیکۆپتەر و فڕۆکەیەکی جۆری "بۆینگی تایبەت بە هێرشە ئەلیکترۆنییەکان" بە ئوسترالیا دەفرۆشێت و بایدنیش داوا لە کۆنگرێس دەکات پەلە لە پەسندکردنی گرێبەستەکە بکات.
 
ئوسترالیا کە لە ماوەی رابردوودا گرێبەستی ناسراو بە " ئۆکس"ی لەگەڵ ئەمریکا و بەریتانیا واژۆکرد، داوای لە ئیدارەی بایدن کردبوو هێلیکۆپتەر لە جۆری ئێم ئێچ-60 ئاڕ سیهۆک و فڕۆکەی بۆینگ تایبەت بە هێرشە ئەلیکترۆنییەکان و کەرەستەی سەربازی دیکەی پێ بفرۆشێت.
 
بەهای گرێبەستەکە سەرووی ملیارێك دۆلاری ئەمریکییە و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەێندراوێكیدا دەڵێت، بایدن داوای لە ئەندامانی دیموکراتی و کۆماری نێو هەردوو ئەنجوومەنی نوێنەران و پیرانی کۆنگرێس کردووە، پەلە بکەن لە پەسندکردنی گرێبەستەکە.
 
هێلیکۆپتەری ئێم ئێچ-60 ئاڕ سیهۆک دەکرێت لەسەر کەشتییە سەربازییەکان دابنرێت و لەوێوە هێرشبکاتە سەر کەشتییەکانی بەرامبەر؛ هەروەها هێلیکۆپتەرەکە توانای هێرشکردنە سەر ژێر دەریاییەکانی هەیە، ئەوە جگە لە تواناکانی لە ئەنجامدانی کارە لۆجستییەکان وەک بەکارهێنانی لە ئۆپەراسیۆنەکانی رزگارکردن یان گواستنەوەی کەلوپەل یان دابینکردنی سووتەمەنی بۆ هێلیکۆپتەرەکان بە ئاسمانەوە.
 
بەشێك لە گرێبەستەکە تایبەتە بە کڕینی فڕۆکەی "بۆینگ ئی ئەی 18-جی گراولەر" کە هاوکات لەگەڵ هێرشە سەربازییەکانی، توانای وەڵامدانەوەی هێرشە ئەلیکترۆنییەکانی هەیە.
 
واژۆکردنی گرێبەستی کڕینی ئەو فڕۆکانە لەکاتێکدایە، ئوسترالیا ئێستا خاوەن 24 هێلیکۆپتەرە لە جۆری سیهۆک و 10 فڕۆکەی بۆینگ گراولەر.