بەهای 100 دۆلار گەیشتەوە 151 هەزار دینار

رووداو دیجیتاڵ

دوو رۆژە بەهای دینار بەردەوامە لە دابەزین و بەهای 100 دۆلار گەیشتە 151 هەزار دینار.
 
ئەمڕۆ سێشەممە، لە بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو لە شاری هەولێر 100 دۆلار بە 151 هەزار دینار دەفرۆشرێت. حاجی سابیر باواجی، ئەندامی ئەنجوومەنی ئاڵوگۆڕکاری دراو لە هەولێر بە رووداوی گوت، بەهای دینار بەردەوامە لە دابەزین، دوێنێ 100 دۆلار بە 150 هەزار و 300 دینار بوو.
 
هەر ئەمڕۆ لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی 100 دۆلار گەیشتە 151 هەزار دینار.
 
دوێنێ لە کاتی کردنەوەی بازاڕەکانی ئاڵوگۆڕی دراودا 100 دۆلار بە 149 هەزار و 250 دینار بوو، کاتی داخستنی بازاڕدا گەیشتە 150 هەزار و 300 دینار.
 
لە 18ـی ئاداری ئەم ساڵەوە، بەهۆی گەشبینی بە کاریگەریی سەردانەکەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئەمریکا، بەهای 100 دۆلار گەیشتە کەمتر لە 150 هەزار دینار.
 
سوودانی لە 15ـی نیسان، سەردانی ئەمریکای کرد و لە کۆشکی سپی لەگەڵ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا کۆبووەوە. 
 
لە دوای ناوەڕاستی مانگی ئاداری ئەم ساڵەوە، ئەمە نزمترین ئاستی بەهای دینارە بەرامبەر بە دۆلار لە بازاڕەکانی دراوی هەرێمی کوردستان.