نرخی نەوت بەردەوامە لە بەرزبوونەوە و گەیشتە 123 دۆلار


رووداو دیجیتاڵ 

رۆژی پێنجشەممە نرخی نەوت بەرزبووەوە، ئەمەش بەهۆی بەرزبوونەوەی خواست لەلایەن چین و، ئەو گومانانەی کە دەکرێت هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس بتوانێت خستنەڕووی نەوت زیاد بکات.
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 9-6-2022، یەک بەرمیل نەوتی برێنت بەراورد بە دوێنێ نزیکەی سێ دۆلار بەرزبووەوە و بە 123 دۆلار و 97 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هەروەها نرخی نەوتی سووکی تێکساسی ئەمریکاش سێ دۆلار بەرزبووەوە و بە 122 دۆلار و 31 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
هەردوو نرخی نەوتی سووکی تەکساس و نرخی نەوتی برێنت لە ئاستێکدا مامەڵەیان پێوەدەکرێت کە لە دوای 8 ی مانگی 3 ی ئەمساڵەوە بێوێنە بووە و بەرزترین ئاستیشیانە لە دوای ساڵی 2008ـەوە.
 
بەڕێوەبەری کۆمپانیای تێرافیگۆرا، کە یەکێکە لە گەورەترین کۆمپانیاکانی پەیوەست بە بازرگانیی نەوت، لەبارەی نرخەکانی نەوتەوە رایگەیاندووە، بەهۆی بەرزبوونەوەی خواست، نرخی بەرمیلێک نەوت لە ئەمساڵدا بەرزدەبێتەوە بۆ 150 دۆلار.
 
یەکێک لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ ئاساییبوونەوەی رێکارەکانی خۆپارێزی لە پەتای کۆرۆنا لە چین دەگەڕێتەوە. لە چەند رۆژی رابردوودا رێوشوێنەکانی دژ بە شەپۆلی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە پەکین و شانگهای لە چین لادراون دوای ئەوەی ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسەکە کەمبووەوە.
 
قەبارەی هەناردەکاریی چین لە مانگی پێنجی ئەمساڵدا بە رێژەی 16.9٪ بەرزبووەتەوە، ئەوەش بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی خواستی ئەو وڵاتە بۆ بەکارهێنانی نەوت بەرزبێتەوە.
 
لەلایەکی دیکەوە بانکی گۆڵدمان ساکس، رۆژی سێشەممە 7ی حوزەیران پێشبینییەکانی خۆی بۆ نرخی نەوت بڵاوکردەوە و رایگەیاند، نرخی نەوت بەردەوام دەبێت لە بەرزبوونەوە، ئەوەش بەهۆی کەمبوونەوەی قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە جیهاندا، بووژانەوەی خواستی چین لەسەر نەوت و کەمبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی رووسیا.
 
نرخی زێڕ بۆ 1855 دۆلار دابەزی
 
دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بەهۆی بەرزبوونەوەی سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی ئەمریکا کە بووە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار، نرخی زێڕ دابەزی.
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ نرخی هەر ئۆنسەیەک زێر بە رێژەی 0.5٪ دابەزی و بە 1855 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
 
بەهای دۆلار و نرخی زێڕ کە زۆربەی کات بەپێچەوانەی یەکدییەوە دەگۆڕێن، بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەهای دۆلار بەرزبووەوە، ئەوەش دوای ئەوەی سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی گەنجینەی ئەمریکا بۆ 3.03٪ بەرزبووەوە.
 
هەفتەی رابردوو جانێت یەڵێن، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، ئیدارەی بایدن بە ئەگەری زۆرەوە لە هەندێ لە پێناسە گومرکییەکانی سەر چین خۆش دەبێت بۆ ئەوەی کاریگەری دروستبکات لەسەر دابەزاندنی نرخەکان.
 
لەلایەکی دیکەوە رێخکراوی گەشەپێدان و هاوکارییەکانی جیهان ناسراو بە ئۆ ئی سی دی پێشبینییەکانی خۆی بۆ گەشەی ئابووریی جیهان کەمکردەوە و ئەوەش بووەتە یەکێکی دیکە لەو هۆکارانەی کە کاریگەری لەسەر بەهای زێڕ دادەنێت.
 
بەهای دۆلار بەرامبەر دراوە جیهانییەکان:
 
100 دۆلار بەرامبەرە بە 148 هەزار و 325 دیناری عێراقی
 
یۆرۆ - دۆلار 1.07 EUR/USD
 
پاوەند - دۆلار 1.25 GBP/USD
 
دۆلار - یەن 134.07 USD/JPY
 
دۆلار - لیرە 17.18 USD/TRY
 
یەک دۆلار - ریاڵ (تمەن) 32 هەزار و 250 تمەن USD/IRR
 
یەک دۆلاری ئەمریکی: 59.20 روبڵی رووسی