ماوەی لێخۆشبوون لە 15%ـی کرێی ئاو بۆ مانگێکی دیکە درێژکرایەوە


رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ماوەی مانگێک لێخۆشبوونی کرێی ئاویان درێژکردووەتەوە و هاونیشتمانییان دەتوانن تاوەکو 10ـی حوزەیران لەو لێخۆشبوونە سوودمەندبن. دەشڵێت، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 12 هەزار هاوبەش لە لێخۆشبوونی قەرزەکە سوودمەند بوون.
 
رۆژی سێشەممە، 9ـی ئایاری 2023، ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بڕیاریانداوە لێخۆشبوونی رێژەی 15%ـی کرێی ئاو بۆ مانگێکی دیکە درێژ بکەنەوە و تاوەکو 10ـی حوزەیران هاونیشتمانییان بتوانن سوودی لێ ببینن.
 
ساڵی رابردوو سێ جار بڕیاری لێخۆشبوونەکە درێژکرایەوە؛ ئەمساڵ دوایین کات سبەی 10ـی ئایار دیاریکرابوو؛ ئاری ئەحمەد گوتی: "ئەمڕۆ بڕیارماندا جارێکی دیکە بۆ مانگێک بڕیاری لێخۆشبوونەکە درێژبکەینەوە، ئەوەش لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییان، چونکە هاووڵاتی ئێستاش نەیداتەوە و قەرزی لەسەر بێت، دواجار هەر دەبێ بیداتەوە".
 
بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی لێخۆشبوونەکانەوە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 12 هەزار هاوبەشی ئاو لە بڕیارەکە سوودمەند بوون.
 
بەگوێرەی ئاماری ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان، لە ساڵی 2021دا نزیکەی 42 ملیار دینار قەرزی کرێی ئاو لە هەر 14 بەڕێوەبەرایەتییەکەی ئاو کۆکراوەتەوە؛ ئەو ژمارەیە لە 2022 زیادیکردووە بۆ 63 ملیار دینار.