نرخی نەوت دابەزی
رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، نرخی نەوت دابەزی دوای ئەوەی لە دوو کۆبوونەوەی پێشووی بازاڕدا بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی بوو. هەروەها هەر ئۆنسە زێڕ بە نزیکەی 2023 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
نرخی نەوتی برێنت بەرەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە 31 سەنت دابەزی و هەر بەرمیلێک بە 76 دۆلار و 70 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
هەروەها هەر بەرمیلێک نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 23 سەنت دابەزی و بە 72 دۆلار و 92 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
دوای بڵابوونەوەی ئامارەکانی پەیوەست بە بازاڕی کاری ئەمریکا کە تیایدا دەرکەوت ژمارەیەکی بەرچاو هەلیکاری نوێ لە مانگی چواری ئەمساڵدا لە ئەمریکا رەخساوە، نرخەکانی نەوت لە دوو رۆژی رابردوودا بەرزبوونەوە.
ئێستا بازرگانان چاویان لە ئامارەکانی رێژەی هەڵاوسانی مانگی چوارە کە بریارە سبەی چوارشەممە بڵاوببێتەوە، بەوپێیەی کە کاریگەریی لەسەر بەهای دۆلار و نرخی کانزاکان دادەنێت.
ئیدوار مۆیا، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری ئواندا لەو بارەیەوە رایگەیاند، " هەفتەی رابردوو بازرگانان لە رادەبەدەر مامەڵەیان بە نەوتەوە کردبوو و نەوتیان فرۆشتبوو، لەبەر ئەوە نرخەکان زۆر دابەزی بوون. بەڵام پێشبینی دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا، لە دوای بڵاوبوونەوەی ئامارەکانی هەڵاوسان سەقامگیریی بگەڕێتەوە بۆ بازاڕی نەوت."
ئەو شرۆڤەکارە دەڵێت، "پێشبینی ناکرێت نرخەکانی نەوت لەبەر نیگەرانی لە سستبوونەوەی ئابووریی ئەمریکا لەم ئاستانەی ئێستا زیاتر بەرزببنەوە، بەڵام بڕیارەکەی بەرهەمهێنەرانی نەوتی ئۆپێک پڵەسیش دابەزینی نرخی نەوتی سنووردار کردووە."
لەلایەکی دیکەوە، لە کەنەدا بەهۆی ئاگرکەوتنەوە نزیکەی 30 هەزار کەس ئاوارەبوون و ئاگرکەوتنەوەکەش بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی کەنەدا رۆژانە 280 هەزار بەرمیل کەم ببێتەوە.
هەر ئۆنسە زێڕ بە نزیکەی 2023 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت
ئەمڕۆ سێشەممە 09-05-2023، نرخی زێڕ بە نزیکەی 2023 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا و گۆڕانکاری بەرچاوی بەخۆیەوە نەبینی.
رۆژی چوارشەممە ئامارەکانی پەیوەست بە رێژەی هەڵاوسانی مانگی نیسان لە ئەمریکا بڵاودەبێتەوە، لەبەر ئەوەش بازرگانانی زێڕ بە وریاییەوە مامەڵەکانیان ئەنجام دەدەن.
ئاجای کێدیا، بەڕێوەبەری کۆمپانیای راوێژکاری (کێدیا کۆمۆدێتیز) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "نیگەرانی لە بەرزکردنەوەی سوودی بانکیی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە بۆ جارێکی دیکە دەتوانێت نرخی زێڕ تاوەکو ئاستەکانی 1920 و 1950 دۆلار دابەزێنێت."
بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان لەوانەیە ببێتە هۆکار بۆ ئەوەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا سوودی بانکیی لەم ئاستەی ئێستا زیاتر بەرزبکاتەوە کە دەبێتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار و دابەزینی نرخی کانزاکان.
ئاجای کێدیا بە پێچەوانەوە دەڵێت، ئەگەر هەواڵی زیاتر لەسەر ئاڵۆزی و تێکچوونی کاروباری بانکەکانی ئەمریکا بڵاوببێتەوە، ئەگەری هەیە نرخی زێڕ بەرزبێتەوە بۆ 2100 دۆلار.
لەلایەکی دیکەوە، جانێت یەلەن، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، هەرچەشنە شکستهێنانێک لە بەرزکردنەوەی ئاستی قەرزەکانی حکومەتی ئەمریکا لەلایەن کۆنگریسەوە کارەساتی ئابووری بەدواوە دێت.
نادڵنیاییەکانی پەیوەست بە قەرزەکانی ئەمریکا دەبێتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی بەهای زێڕ.