بەهای بیتکۆین بۆ 33 هەزار دۆلار دادەبەزێت


رووداو-دیجیتاڵ

بەهای دراوە دیجیتاڵییەکان لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا تاوەکو ئەمڕۆ دووشەممە بەردەوام دادەبەزن، بەچەشنێک بەهای یەک بیتکۆین بۆ نزیکەی 33 هەزار دۆلار دابەزی.
 
رۆژی یەکشەممە بەهای بیتکۆین بۆ کەمتر لە 35 هەزار دۆلار دابەزی، ئەوەش بووەهۆی دروستبوونی نیگەرانی لە دابەزینی زیاتری بەهای ئەو دراوە دیجیتاڵییە لەبەر ئەوەی ئەو ئاستە ئاستێکی هەستیارە بۆ بەهای بیتکۆین. لە ماوەی یەک رۆژی رابردوودا بەهای بیتکۆین بە رێژەی زیاترە لە 5٪ دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە.
 
لە ماوەی یەک هەفتەیش بەهای ئەو دراوە دیجیتاڵییە بەرێژەی 10٪ دابەزیوە. بەپێی ماڵپەری کۆین مارکێت کاپ، ئێستا قەبارەی بازاڕی بیتکۆین بۆ نزیکەی 600 ملیار دۆلار دابەزیوە.
 
لە کاتێکدا لە مانگی 3ی ئەمساڵدا بەهای بازاڕی بیتکۆین نزیکەی 1 تریلیۆن دۆلار بووە. دابەزینی بەردەوامی بەهای بیتکۆین هاوکات بووە لەگەڵ دابەزینی بەهای بۆرسەکانی ئەمریکا بەتایبەتی بازاڕی بۆرسەی ناسداک کە پشکی کۆمپانیاکانی تەکنەلۆژیای ئەمریکای تێدا مامەڵە پێوەدەکرێت.