بانکی ناوەندیی عێراق نزیکەی 282 ملیۆن دۆلاری خستەڕوو؛ 100 دۆلار 145 هەزارە


رووداو دیجیتاڵ

بانکی ناوەندیی عێراق بە خستنەڕووی نزیکەی 282 ملیۆن دۆلار بەهای دیناری بەرزترکردەوە. ئەمڕۆ بۆ یەکەمجار لە دوای دابەزینی بەهای دینارەوە، 100 دۆلار بە نزیکەی 145 هەزار دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
 
رۆژی یەکشەممە 9ـی نیسانی 2023، دوای پشووەکانی هەفتە، بانکی ناوەندیی عێراق 281 ملیۆن و 888 هەزار و 29 دۆلاری خستەڕوو؛ لەو بڕە 42 ملیۆن دۆلاری بۆ نەختینە و ئەوی دیکەی بۆ حەواڵە بوو.
 
جەبار گۆران، گوتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی، ئەمڕۆ یەکشەممە کاژێر 01:25 خولەکی نیوەڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بەهای 100 دۆلار بە 145 هەزار دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
 
هاوکات لە بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو لە شاری هەولێر 100 دۆلار بە 144 هەزار 900 دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
 
لەبارەی بەهای تمەنی ئێرانییەوە، جەبار گۆران گوتی، 100 دۆلار بە 5 ملیۆن و 100 هەزار تمەن مامەڵەی پێوەدەکرێت.

 

لە رۆژی 11-12-2022 بۆ یەکەمجار دوای نزیکەی دووساڵ، بەهای 100 دۆلاری ئەمریکی 150 هەزار دیناری عێراقی تێپەڕاند و دواتر گەیشتە 175 هەزار دینار.
 
دوای زیاتر لە دوو مانگ لە دابەزینی بەرچاوی بەهای دینار، رۆژی سێشەممە، 7-2-2023، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری ئەنجوومەنی ئیدارەی بانکی ناوەندیی عێراقی پەسندکرد، بەوەی دەستکاریی نرخی فرۆشتنی دۆلار لە بەرامبەر دیناری عێراقی بکرێت، بەشێوەیەک 100 دۆلار بدرێتە 130 هەزار دینار بە بانکەکان و بە 132 هەزار دینار بگاتە کۆمپانیاکان.
 
وێڕای بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، لە 11-12-2022ـەوەوە ئەمە یەکەم جارە بەهای دینار بەمشێوەیەی ئێستا بەرامبەر دۆلار بەرزببێتەوە.