پێشەوا هەورامانی: سووتەمەنیی 'ژەهراوی' لە پاڵاوگە و گۆڕەپانە بێمۆڵەتەکان دەفرۆشرێت
رووداو دیجیتاڵ
لە هەرێمی کوردستان چەندین گۆڕەپان و پاڵاوگەی بێمۆڵەت هەن کە سووتەمەنییان تێدا دەفرۆشرێت، پێشەوا هەورامانی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان و لیژنەی وزە و سامانە سرووشتییەکان دەڵیت، لەوێ "سووتەمەنیی ژەهراوی و ژینگەپیسکەر" دەفرۆشرێت.
پێشەوا هەورامانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، شوێنی پاڵاوگە و گۆڕەپانە بێمۆڵەتەکان بەبێ جیاوازی لە هەموو پارێزگاکان هەن، ئەوە نییە بۆ پارێزگایەکی دیاریکراو بێت. پێویستیشە هەنگاوی جیددی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە بنرێت، "چونکە پەیوەندی بە تەندروستی و ژیانی هەموو خەڵکەوە هەیە."
بە گوتەی ئەو ئەندامەی لیژنەی وزە و سامانە سرووشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان، ماددەی جۆراوجۆر دەکرێنە نێو ئەو سووتەمەنییەوە کە دەفرۆشرێن، وەکو بەنزینا، بەنزۆڵ، ئیسانۆڵ، نەفتا و Mtp.
ئەندامەکەی پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، ئەو ماددانە دەکرێنە نێو بەنزینی کوالێتی نزم و ئۆکتانی پێ بەرز دەکەنەوە، "ئەم ماددانە هەمووی یارمەتیدەرن بۆ گەشەی شێرپەنجە، کێشەی کۆئەندامی هەناسە، لەونابردنی بەرووبوومی کشتوکاڵی و تەنانەت زیانگەیاندن بە ئۆتۆمبێلەکان".
ئەمڕۆ سێشەممە لیژنەی سامانە سرووشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان لەسەر ئەو پرسە کۆبووەتەوە. پێشەوا هەورامانی گوتی، " لەسەر ئەم بابەتە مەترسیدارە گفتوگۆمان کرد کە پەیوەندی بە ژیانی تاک بە تاکی خەڵکی کوردستانەوە هەیە."
رۆژی چوارشەممە پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە، پێشەوا هەورامانی گوتی، لە بەرنامەی دانیشتنەکەی پەرلەماندا نییە، "بەڵام رەنگە دوای دانیشتنەکە راگەیێندراوێکمان هەبێت." ئەو دەڵێت، "دوای وەرگرتنی تەواوی وردەکارییەکان هەموو وردەکارییەک لەسەر ئەم قسانە دەدەینە حکومەتی هەرێمی کوردستان."
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی کوردستان دەشڵێت، لەوانەیە چارەسەر تەنیا داخستن نەبێت، پێویستە لەگەڵ ئەو شوێنانە قسە بکرێت و پابەند بکرێن بە رێنماییەکانەوە، "ئەگەر هەر پابەند نەبوون، سزا بدرێن و دابخرێن."