شاندێکی وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ وەرگرتنی رەزامەندیی لەسەر بارکۆد و لۆگۆ بۆ بەرهەمی خۆماڵی دەچێتە بەغدا

رووداو ـ هەولێر 

شاندێکی وەزارەتی کشتوکاڵ دەچێتە بەغدا و گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان دەڵێت، یەکێک لە کارەکان وەرگرتنی رەزامەندییە بۆ لێدانی بارکۆد و لۆگۆ لەو بەرهەمانەی لە هەرێمی کوردستانەوە هەناردەی نێوەڕاست و باشووری عێراق دەکرێن.
 
حوسێن حەمە کەریم، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بەتۆڕیی میدیایی رووداوی راگەیاند، رۆژی دووشەممەی داهاتوو 11-1-2021 شاندێکی وەزارەت بەسەرۆکایەتی بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و کەریم سلێمان، بریکاری وەزیر و چەند بەڕێوەبەرێکی گشتی سەردانی بەغدا دەکەن.
 
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان دەڵێت، شاندەکە بۆ پرسی پێدانی بڕوانامەی تەندروستی بۆ بەرهەمە ناوخۆییەکان، کێشەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران، پرسی ئاو و، چەند کێشەیەکی دیکەش سەردانی وەزارەتەکانی کشتوکاڵ، سەرچاوە ئاوییەکان و، بازرگانی لە بەغدا دەکەن.
 
یەکێک لەو شتانەی لەلایەن شاندەکەوە دەخرێتە بەردەم وەزارەتەکانی کشتوکاڵ و بازرگانی عێراق لێدانی بارکۆد و لۆگۆیە لەو بەرهەمانەی لە هەرێمی کوردستانەوە دەنێردرێنە نێوەڕاست و باشووری عێراق. حوسێن حەمە کەریم دەڵێت، مەبەست لەو کارە جیاکردنەوەی بەرھەمی ناوخۆیە لە بەرھەمەکانی دەرەوە و لەو بەرهەمانەی کە بە قاچاغ ھاوردە دەکرێن و، مۆڵەتیان نییە بەتایبەت مریشک کە بەغدا بەردەوام گلەیی لەو شتە هەیە.
 
بەگوتەی گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان "ئەگەر ئەو میکانیزمە بەباشی جێبەجێبکرێت و رەزامەندیی لەسەر بدرێت، هەوڵێكی باش دەبێت بۆ رێگریی لە بەقاچاخ هێنانی بەرهەمی دەرەکی، چونکە بەو رێگەیە بە ئاسانی بەرهەمی ناوخۆ لەو بەرهەمانەی مۆڵەتیان نییە جیا دەکرێنەوە و لە رێگەی ئەپڵیکەیشنێکەوە بە ئاسانی هەموو زانیارییەک لەسەر بەرهەمەکان وەردەگیرێن".
 
یەکێک لەو بەرهەمانەی بە زۆریی لە هەرێمی کوردستانەوە رەوانەی نێوەڕاست و باشووری عێراق دەکرێت مریشکە. زیاتر لە ھەزار و 600 پڕۆژەی مریشکی گۆشت و  10 سەربڕخانە لە ھەرێمی کوردستان ھەن. یەکێک لە ئامانجەکانی وەزارەتی کشتوکاڵیش ئەوەیە کە هاونیشتمایان لەو مریشکەی دەیکڕن دڵنیابن کە بەرهەمی ناوخۆیە و لە سەربڕخانە سەربڕاوە و تەندروستە.