بە هەناردەکردنەوەی نەوت دەبێت بەغدا مانگانە 250 ملیار دیناری دیکە بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت
رووداو دیجیتاڵ
دوای دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی کۆمپانیای سۆمووە، دەبێت بەغدا مانگانە 250 ملیار دینار بداتە هەرێمی کوردستان وەکو خەرجیی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتەکە، تاوەکو ئەو کاتەی دامەزراوەیەکی نێودەوڵەتی بڕی خەرجییەکە دیاری دەکات.
رۆژی سێشەممەی رابردوو ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، هەمواری مادەی 12/ دووەم/ ج لە یاسای بودجەی سێ ساڵەی 2023ی پەسندکرد، کە تایبەتە بە بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان.
بەپێی هەموارەکە، تاوەکو ئەوکاتەی دامەزراوەیەکی راوێژکاریی نێودەوڵەتیی تایبەتمەند، نرخی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دیاری دەکات، حکومەتی عێراق لە بەرامبەر بەرهەمهێنان و گواستنەوەی بەرمیلێک نەوت 16 دۆلار دەداتە هەرێمی کوردستان.
جەمال کۆچەر، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بەتۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "بە گوێرەى بڕیارەکەى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق دەبێت نەوتى هەرێمى کوردستان رادەست بکرێت و تاوەکو ئەو کاتەى رێککەوتن لەسەر نرخى تێچووى بەرهەمهێنان و گواستنەوەى دەکرێت 16 دۆلار دەدات وەک تێچووى بەرهەمهێنان و گواستنەوەى یەک بەرمیل نەوت و دواتر پاکتاو دەکرێت."
بە گوێرەى بڕیارەکەى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق، دەبێت "دەستبەجێ" دەستبکرێت بە رادەستکردنى نەوتى بەرهەمهێندراو لە هەرێمى کوردستان بە کۆمپانیاى بەبازاڕکردنى نەوت (سۆمۆ) یان وەزارەتى نەوتى فیدراڵ. لە یاساى بودجەى عێراق هاتووە کە هەرێمى کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەست دەکات وەک یەکێک لە مەرجەکانى ناردنى پشکى هەرێمى کوردستان و ئەو رادەستکردنە بۆ هەناردەکردن بێت یان بۆ بەکارهێنانى ناوخۆیی.
ئەگەر بەگوێرەى بڕیارەکە هەرێمى کوردستان نەوت رادەست بکات، مانگانە دەکاتە 12 ملیۆن بەرمیل و پارەى تێچووەکەى 192 ملیۆن دۆلارەکە کە ئەگەر ئەو بڕە دۆلارە بە 130 هەزار دینارى نرخى فەرمى هەژمار بکرێت دەکاتە 249 ملیار و 600 ملیۆن دینار. جەمال کۆچەر گوتى: "پێویستە هەژمارکردنەکە بەو شێوەیە بێت."
لە خشتەى بودجەى 2024 ى عێراقدا 20.9 تریلیۆن دینار وەک پشکى هەرێمى کوردستان دیاریکراوە و نرخى تێچووى بەرهەمهێنانى یەک بەرمیل نەوتیشى بە نزیکەى هەشت دۆلار دیاری کردبوو، ئێستا وەزارەتى دارایی فیدراڵ تەنیا پارەى مووچە دەنێرێت کە 998 ملیار دینارە.
ئەندامەکەى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق رایگەیاند: دوو رێگە هەیە بۆ هەموارى یاساى بودجە، یان بڕى پارەى بەرهەمهێنان و گواستنەوەى نەوت لە خشتەى بودجەى 2025 زیاد بکرێت، یان دەقى یاسای بودجە هەموار بکرێتەوە و بڕی خەرجییەکە دەستکارى بکرێت.