100 دۆلار بۆ خوار 153 هەزار دینار دابەزی

 
رووداو دیجیتاڵ

دوو رۆژە بەراورد بە رۆژانی پێشتر بەهای دینار بەرز دەبێتەوە. ئێوارەی ئەمڕۆ 100 دۆلار بۆ خوار 153 هەزار دینار دابەزی.
 
حاجی سابیر باواجی، ئەندامی ئەنجوومەنی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەولێر ئەمڕۆ سێشەممە 8ی تشرینی یەکەم بە رووداوی گوت، بەهای دینار بەرزبوویەوە و لەکاتی داخستنی بازاڕدا 100 دۆلار بە 152 هەزار و 900 دینار فرۆشرا.
 
یەکشەممە 100 دۆلار گەیشتە 155 هەزار و 700 دینار، دوێنی بەهای دینار بەرزبوویەوە و 100 دۆلار گەیشتە 154 و 700 دینار.
 
چەند مانگێک بوو 100 دۆلار لە دەوروبەری 150 هەزار دیناردا جێگیر بوو، بەڵام ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بووە هۆی دابەزینی بەهای دینار.
 
حاجی سابیر گوتی، "دۆخەکە تا رادەیەک بەرەو هێوربوونەوە دەڕوات. ئەگەر هێرش نەکرێتەسەر گرووپە چەکدارەکانی عێراق، بەهای دینار دانابەزێتەوە."