ئەندامێکى لیژنەى دارایی: دوو بڕگەى پشکى هەرێمى کوردستان لە بودجە ناکۆکى لەسەرە
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق رایگەیاند: دوو بڕگەى تایبەت بە پشکى هەرێمى کوردستان لە پڕۆژەیاساى بودجەى گشتیی عێراق ناکۆکییان لەسەرە و پێشنیاز هەیە دانەوەى پاشەکەوتى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان بکرێتە راسپاردە. دەرهێنانى نەوتیش لە کەرکووک و نەینەوا بۆ پەسندکردنى یاساى نەوت و گاز دوابخرێت.
رۆژی 8ى حوزەیرانى 2023 موعین کازمى، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، بەر لە کۆبوونەوەى پەرلەمانى عێراق لیژنەکەیان کۆدەبێتەوە و بەشێک لەو گۆڕانکاریانەیان پێگەیشتووە کە بەگوێرەى رێککەوتنە سیاسییەکان لەنێو پڕۆژەیاساى بودجەى گشتىدا کراون.
موعین کازمى گوتی "ئەوەى پەیوەندیی بە هەرێمى کوردستانەوە هەیە و چارەسەر نەکرابێت، دانەوەى پاشەکەوتى مووچە و رێگرى لە دەرهێنانى نەوتە لەلایەن حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە لە کێڵگەکانى نەوتى کەرکووک و نەینەوا، پێشنیاز هەیە چۆنیێتى دانەوەى پاشەکەوتى مووچە وەک راسپاردە بدرێتە حکومەتى هەرێمى کوردستان، کە لە پشکەکەى بیداتەوە و لە پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى بهێندرێتە دەرەوە. پرسی دەرهێنانى نەوتیش لە کێڵگەکانى کەرکووک و نەینەوا دوابخرێت بۆ پەسندکردنى پڕۆژەیاساى نەوت و گاز و راسپاردەیەک هەبێت بۆ حکومەتى هەرێمى کوردستان، کە نابێت نەوت لە کەرکووک و نەینەوا هەناردەبکرێت بەبێ رەزامەندى حکومەت فیدراڵى".
بڕیارە کاژێر هەشتى ئەمشەو (8-6-2023)، پەرلەمانى عێراق کۆببێتەوە بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاساى بودجەى گشتیى عێراق کە بۆ سێ ساڵە و قەبارەکەى نزیکەى 199 تریلیۆن دینارە.