هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت پشتگیری لە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکات
رووداو دیجیتاڵ
هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت جەخت لە گرنگیی پشتیوانیی هەموارکردنی ئەو مادەیەی یاسای بودجە دەکات، کە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق سەبارەت بە بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان پەسندی کردووە. داواش دەکات خاکی عێراق لە جەنگ دووربخرێتەوە.
شەوی رابردوو، هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بە ئامادەبوونی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە.
رۆژی سێشەممەی رابردوو ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، هەمواری مادەی 12/ دووەم/ ج لە یاسای بودجەی سێ ساڵەی 2023ی پەسندکرد کە تایبەتە بە بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، هاوپەیمانییەکە پشتیوانیی هەنگاوی هەموارکردنی مادەیەکی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی دەکەن، کە تایبەتە بە نەوت.
بەپێی هەموارەکە، تاوەکو ئەوکاتەی دامەزراوەیەکی راوێژکاریی نێودەوڵەتیی تایبەتمەند، نرخی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دیاری دەکات، حکومەتی عێراق لە بەرامبەر بەرهەمهێنان و گواستنەوەی بەرمیلێک نەوت 16 دۆلار دەداتە هەرێمی کوردستان.
لە کۆبوونەوەکە جەخت لە "کاری هاوبەش و پێشخستنی بەرژەوەندیی باڵای وڵات و دوورخستنەوەی خاکی عێراق لە کەشی جەنگ" کراوەتەوە.
وەک لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژەی بۆ کراوە، ئیسرائیل هەوڵدەدات جەنگ فراوان بکات و ناوچەکە بخزێنێتە ئەو جەنگە، "ئەوەش بە ئامانجی تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە".
هەروەک ئەو دەنگۆیانەشی رەتدەکەنەوە، کە باس لەوەدەکەن خاکی عێراق بەکاردەهێنرێن بۆ ئەنجامدانی هێرشەکان و دەڵێت، "ئەمانە پاساوی لاوازن، تاوەکو کردەوەی دووژمنکارانە بکرێتە سەر عێراق و سەروەرییەکەی".