کۆمپانیای دی ئێن ئۆ: رۆژانە زیاتر لە 84 هەزار بەرمیل نەوت لە هەرێمی کوردستان بەرهەمدەهێنین
رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای (دی ئێن ئۆ)ی نەرویجی کە لە هەرێمی کوردستان لە کێڵگەکانی تاوکێ و پێشابوور و باشیک، کۆمپانیای سەرکارە، راپۆرتی دارایی چارەکی سێیەمی ئەمساڵی خۆی بڵاوکردەوە.
بەپێی راپۆرتەکە، لە سێ مانگی سێیەمی ئەمساڵدا، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەی پێشابوو و تاوکێ کە پێکەوە بە (مۆڵەتی تاوکێ) ناسراون بەرزبووەتەوە بۆ 84 هەزار و 212 بەرمیل.
لەو بڕە رۆژانە 29 هەزار و 693 بەرمیلی لە کێڵگەی تاوکێ و 54 هەزار و 520 بەرمیلیشی لە کێڵگەی پێشابوور بەرهەمهاتووە.
لە مۆڵەتی تاوکێ سێ بیری نەوت هەڵکۆڵرابوون، بەڵام لەبەر وەستانی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان تەواو نەکرابوون. کۆمپانیای دی ئێن ئۆ دەڵێت، لە نێوەڕاستی ئەمساڵدا ئەو سێ بیرە بەگەڕخراون و ئێستا رۆژانە 7 هەزار و 800 بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنن.
بەپێی کۆمپانیاکە، کاری زیاتر لەسەر بیرەکان و ئامادەکردنیان، بووەتە هۆکار بۆ زیادبوونی ئاستی بەرهەمهێنان بە بڕی رۆژانە سێ هەزار و 400 بەرمیلی زیاتر.
کۆمپانیای دی ئێن ئۆ خاوەنی 75٪ـی پشکەکانی بەرژەوەندییە لە مۆڵەتی تاوکێ و بەوپێیەش لەو نزیکەی 84 هەزار بەرمیلە 75٪ـی واتا رۆژانە 63 هەزار و 200 بەرمیلی بەردەکەوێت. 25٪ـی پشکەکانی بەرژەوەندیی مۆڵەتی تاوکێ دەگەڕێتەوە بۆ کۆمپانیای گەنەل ئێنێرجی کە لەگەڵ کۆمپانیای دی ئێن ئۆ لەو مۆڵەتەدا هاوبەشە.
کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان بەپێی گرێبەستی هاوبەشکردنی بەرهەم کە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هەیانە، لە بەرهەمی نەوت واتا لە بەرژەوەندیی کێڵگەکان، خاوەن پشکن.
ئەگەر کۆمپانیایەک خاوەنی 75٪ـی پشکەکانی کێڵگەیەک بێت، بەو مانایە نییە کە 75٪ـی بەرهەمی نەوتی کێڵگەکە بۆ ئەو کۆمپانیایە دەڕوات.
کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان بەپێی فۆرمۆڵەیەکی تایبەت و بەپێی نێوەڕۆکی گرێبەستەکانیان، قەرەبووی خەرجییەکانیان دەکرێتەوە و شایستە داراییەکانیان پێدەدرێت.
حکومەتی عێراق رۆژی سێشەممە لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا بڕگەیەکی بودجەی سێ ساڵی عێراق کە تایبەتە بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، هەموارکردووەتەوە و رێگەی خۆش کردووە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان.
کۆمپانیای دی ئێن ئۆ رایگەیاندووە، کۆی داهاتەکانی لە هەموو وڵاتان لە چارەکی سێیەمی ئەمساڵدا بەراورد بە چارەکی دووم بەرزبووەتەوە بۆ 170 ملیۆن دۆلار.
بەپێی دی ئێن ئۆ، لەو داهاتە پوختەی قازانجی کۆمپانیاکە 20 ملیۆن دۆلار بووە.
کۆمپانیای دی ئێن ئۆ جگە لە دوو کێڵگەی تاوکی و پێشابوور، خاوەنی 64٪ـی پشکەکانی بەرژەوەندیییە لە کێڵگەی باشیک.
کۆمپانیاکە دەڵێت، لە نێوەڕاستی ساڵی 2023ـەوە بەرهەمهێنانی نەوتیان لە کێڵگەی باشیک بەهۆی داخرانی بۆریی نەوتی کوردستان، راگرتووە. جەختیشی لەوە کردووەتەوە، سەرقاڵی کارە تەکنیکییەکان و تاقیکردنەوەن لەسەر کیڵگەکە بۆ ئەوەی خۆیان بۆ قۆناخی داهاتوو ئامادە بکەن.
کۆمپانیای وزەی تورکی 16٪ـی پشکەکانی لە کێڵگەی باشیک لە ئەستۆدایە و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش 20٪.