ئەپڵ بەرهەمهێنانی ئایفۆن 14 پرۆ و ئایفۆن 14 پرۆ ماکس کەمدەکاتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

کۆمپانیای ئەپڵ رایدەگەیێنێت، بەرهەمهێنانی ئایفۆن 14 پرۆ و ئایفۆن 14 پرۆ ماکسی بە شێوازی کاتی لە چین کەمکردووەتەوە.
 
ئەپڵ هۆکاری کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی ئەو دوو بەرهەمە نوێیەی بۆ رێوشوێنە تووندەکانی حکومەتی چین لە دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا گەڕاندووەتەوە.
 
ئایفۆن 14 پرۆ و ئایفۆن 14 پرۆ ماکس لەلایەن کۆمپانیای فۆکس کۆن لە شاری (ژێنگ ژوو) بەرهەم دێت و ئەپڵ دەڵێت، بەرهەمهێنانی ئەو دوو بەرهەمەیان بە رێژەیەکی بەرچاو کەمکردووەتەوە.
 
بەو پێیەش پێشبینی دەکرێت کۆمپانیای ئەپڵ ژمارەیەکی کەمتر لەو دوو بەرهەمە لە مانگی داهاتوو بخاتەڕوو و ناتوانێت خواستی بازاڕ پڕبکاتەوە.
 
بەپێی راگەیێندراوەکەی کۆمپانیای ئەپڵ، پێشبینی دەکات خواست بۆ جۆرەکانی دیکەی ئایفۆن 14ی کۆمپانیاکە کە نرخەکانی بە 999 دۆلار و 1099 دۆلار دەستپێدەکات، بەرز ببێتەوە.
 
سیاسەتی نەهێشتنی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووەتە هۆکار بۆئەوەی هاتووچۆی کارمەندان و کاری کارگەکان لە چین سنووردار ببێت.
 
ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەو وڵاتە ئەم هەفتەیە 3500 تووشبووی تێپەڕاندوو.