'هەژماری من': بۆ نەهێشتنی پاڵەپەستۆ فەرمانبەری پارەدارکردنی ATM زیاد دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
ژمارەیەك هاونیشتمانی بە رووداویان گوت، چوون بۆ وەرگرتنی مووچەكانیان، بەڵام ئامێرەكانی راكێشانی پارە (ATM) هیچ پارەیان تێدا نەبووە. تیمی 'هەژماری من' دەڵێ، سەرقاڵی چارەسەركردنی كێشەكەن.
بەرپرسێكی باڵا لە تیمی 'هەژماری من' ئەمڕۆ (شەممە، 7-9-2024) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئامێرەكانی راكێشانی پارە كێشەی نەبوونی پارە (سیولە)ـیان نییە، بەڵکو كێشەكە لە كەمیی تیمی پڕكردنەوەی ئامێرەکانە بە پارە.
ئێستا هەر بانكێك دوو تیمی هەیە بۆ پڕكردنەوەی ئامێرەكانی راكێشانی پارە كە ناسراوە بە ATM. بەرپرسەكەی 'هەژماری من' گوتی، لەمڕۆوە بانكەكان تیمەكانیان دەكەن بە 9 تاوەکو 10 تیم بۆ خێراكردنی پرۆسەكە. ئەمەش وادەکات لەمەودوا بە نیو کاژێر و کەمتر، پڕکردنەوەی ئامێرەکان تەواوببێت.
ئاماژەی بەوەشكرد، ''بۆ مانگی داهاتوو، لەجیاتی ئەوەی مووچەکان بە یەک رۆژ تەمویل بکرێن، دەکرێتە دوو رۆژ، لەپێناو کەمکردنەوەی قەرەباڵخی و پاڵەپەستۆی سەر ئامێرەکان."
ئەو بەرپرسەی 'تیمی هەژمار'ـی من جەختیكردەوە، پارەی پێویست بۆ مووچە بەردەستە و گوتیشی: مووچەخۆرانیش پێویستە ئاگاداری هاتنی نامەکان بن و بەر لە پارەدارکردنی هەژمارەکانیان سەردانی ئامێرەکان نەکەن.
دەشڵێ "ئێمە دەزانین ئەمە گۆڕانکارییەکی ریشەییە لە شێوازی مووچەوەرگرتن و کاتی دەوێت تاوەکو متمانە لەنێو سێکتەری بانک و مووچەخۆر دروست دەبێت."
بەگوێرەی 'هەژماری من'، ئامێرەکان 24 کاژێر کاردەکەن و پارەکان لەنێویاندا سەلامەتە.