حکومەتی عێراق رێگری لە بەرهەمی کارگەکانی هەرێمی کوردستان دەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بە گوتەی ئەندامێکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی، حکومەتی عێراق لە دەروازەکان رێگری لە بردنی بەرهەمی کارگەکانی هەرێمی کوردستان دەکات. سەرۆکی ژووری بازرگانیی هەولێریش دەڵێت، شاندێکی عێراق لە هەرێمی کوردستان ئەو بابەتە تاوتوێ دەکات.
سەرەتای مانگی هەشت، حکومەتی عێراق رێگریی دەکرد لە هەناردەکردنی بەرهەمی کارگەکانی هەرێمی کوردستان بۆ پارێزگاکانی خواروو و نێوەڕاست، دواتر مۆڵەتی دایە کارگەکان بۆ جێبەجێکردنی داواکانیان تاوەکو 01ـی مانگی ئەیلوول.
ئارام بابان، ئەندامی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هەرچەندە بڕیاربوو حکومەتی عێراق کاتەکە بۆ کارگەکان درێژبکاتەوە، بەڵام نەیکرد و جارێکی دیکە رێگە نادات شتومەکی هەرێمی کوردستان بگەیێندرێتە نێوەڕاست و خوارووی عێراق".
حکومەتی عێراق چی دەوێت؟
ئارام بابان دەڵێت، حکومەتی عێراق داوای راستاندنی بەڵگەنامەی کارگەکان دەکات و "دەیەوێت دڵنیابێت لە کار و هەبوونی کارگەکان"؛ گوتیشی، "حکومەتی عێراق دەیەوێت دڵنیا بێت ئەو دۆلارەی بۆ کارگەکانی خەرج دەکات بە نرخی فەرمی و ئەو مادە سەرەتاییانەی بەو دۆلارە هاوردە دەکەن لە کارگەدا دەیکەنە بەرهەم یان مادەکە بە خاوی دەفرۆشنەوە."
حکومەتی عێراق بە بازرگانانی هەرێمی کوردستانی گوتووە، دەیەوێت ئاگاداری هەموو جووڵەکانی خاڵەکانی گومرگ بێت و بزانێت چی بەرهەمێک هاوردە دەکرێت و چەندە گومرگ دەدرێت؛ هەروەها چەندی بۆ کارگەی نێوخۆیە و چەندی بۆ دەرەوەیە و بۆ ئەوەش سەرقاڵی بە ئەلیکترۆنیکردنی دەروازەکانە، ئەوە بە گوێرەی ئارام بابان.
عێراق دەیەوێت بەرهەمە نێوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان لۆگۆی تایبەتی بازرگانیی عێراقیان پێوەبێت و دڵنیابێت لەوەی بەرهەمی هەرێمی کوردستانە. ئارام بابان دەڵێت، "بە ئێمەیان گوت بارهەڵگر بار دەهێنێت گوایە بەرهەمی هەرێمی کوردستانە، بەڵام بەرهەمی تورکیا و ئێرانە و لەو رێگەیەوە دەیانەوێت خۆیان لە گومرگ و باج بدزنەوە."
ئەو ئەندامەی ژووری بازگانیی سلێمانی دەڵێت، لە مانگی پێنجی ئەم ساڵەوە ئەو کێشەیە هەیە و چارەسەر نەکراوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، "مانگی رابردوو شاندێک لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ چارەسەر چووە بەغدا، بەڵام نەگەیشتە هیچ رێککەوتنێک."
ئارام بابان ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا هەر بارهەڵگرێک لە دەروازەکانی سلێمانی، هەولێر و دهۆکەوە بەرهەمی کارگەکان بباتە نێوەڕاست و خوارووی عێراق، ئەگەر نووسراوی پێ بێ کە بەرهەمی تورکیا و ئێرانە و گومرگی داوە رێگەی پێدەدرێت، بەڵام رێگە بە بەرهەمی کارگەی نێوخۆ نادات و بەگوێرەی بەرهەمەکە لە 500 بۆ 5 ملیۆن دینار گومرگی دەکات.
چارەسەر بۆ خاوەن کارگەکان
بەگوێرەی ژووری بارزگانیی سلێمانی، ئێستا بەشێکی کارگەکان بە تاک خاوەنەکانیان دەچنە بەغدا بۆ راییکردنی مامەڵەکانیان. ئەو ئەندامەی ژوورەکە گوتی، "بابەتەکە پەلەیە. رۆژانە ملیۆنان دۆلار شتومەک کێشە بۆ ساخکردنەوەی دروست دەبێت."
ئارام بابان گوتی، "وەزارەتی بازرگانیی عێراق بۆ راستاندنی نووسراو و بەڵگەکانی کارگەکان سێ فەرمانبەر بۆ پشکنین دەنێرێتە کارگەکە و دواتر بەڵگەکان پشتڕاست دەکاتەوە و نووسراوێکی مۆرکراو دەداتە خاوەن کارگەکان کە چی دیکە هیچ بازگەیەک رایاننەگرێت و بێ گومرگ بەڕێیان بکات."
ئارام بابان گوتی، کارگە هەیە لە هەرێمی کوردستان رۆژانە 20 هەزار تۆن شتومەک دەنێرێتە نێوەڕاست و خوارووی عێراق و ئێستا کێشەی بۆ دروستبووە؛ گوتیشی، "ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان زوو نەیەتە سەر هێڵ و کێشەکە چارەسەر نەکات، هەموو کارگەکانی نێوخۆ هەرەس دێنن."
ژووری بارزگانیی هەولێر: کێشەکە لە سەرەتای ئەم مانگەوە سەریهەڵداوەتەوە
گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەو مۆڵەتەی دانرابوو بۆ تۆمارکردنی کارگەکان لە عێراق تەواو بووە و بۆیە گرفت دروست بووەتەوە.
گەیلان حاجی سەعید گوتی، "ئەو کاتەی بۆ مۆڵەت دانرابوو کەم بوو؛ بە 20 رۆژ ناکرێ 3 هەزار کارگە تۆماربکرێن."
بڕیارە سبەی ئەنجوومەنی وەزاریی عێراق بۆ کاروباری ئابووری و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەولێر کۆببنەوە. سەرۆکی ژووری بازرگانیی و پیشەسازی هەولێر گوتی، "کێشەی هەناردەی بەرهەمی کارگەکان سبەی لەو کۆبوونەوەیەدا تاوتوێ دەکرێت."