رێنوێنی نوێ بۆ وەرگرتنەوەی پێشینەکان دەردەچێت
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان کۆنووسێکی ئامادەکردووە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بەمەبەستی پەسندکردنی، تێیدا رێنوێنی نوێ بۆ وەرگرتنەوەی پێشینەکان دانراوە و "تێیدا رەچاوی دۆخی دارایی هاونیشتمانیان کراوە."
سەرەتای مانگی تەمموز رێنوێنیی ژمارە 9ـی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوکرایەوە، کە فەرمانبەری کەفیل دەبێت لە ماوەی دوو مانگدا ئەو کەسە ئاگادار بکاتەوە کە قەرزی پێشینەی خانووبەرە یاخود هاوسەرگیری و کشتوکاڵی لایە، ئەگەر قەرزە کەڵەکەبووەکانی نەگەڕێنێتەوە، مانگانە 20%ـی مووچەی کەفیل دەبڕدرێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو کە لە بەرپرسێکی باڵا لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان وەریگرتووە، رێنوێنی ژمارە 9 کاری پێ ناکرێت و هەڵوەشێندراوەتەوە. "وەزارەتی دارایی کۆنووسێکی ئامادەکردووە بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کورستان سەبارەت بە وەرگرتنەوەی پێشینەکانە و تێیدا ئاسانکاری زۆر بۆ ئەو کەسانە کراوە کە قەرزیان لایە."
هەر بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، لە کۆنووسەکەدا کە چاوەڕوانی پەسندکردنە لە ئەنجوومەنی وەزیران، داوای لێخۆشبوونی بڕێک لە قەرزەکان و درێژکردنەوەی ماوەی پێدانەوەی کراوە، هەروەها لە چەند روویەکی دیکەوە بەگوێرەی دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان "ئاسانکاری زۆر" بۆ ئەو کەسانە کراوە کە قەرزی حکومەتیان لایە.
بەرپرسەکەی وەزارەتی دارایی جەختیکردەوە، تاوەکو دەرچوونی رێنوێنی نوێ بۆ وەرگرتنەوەی قەرزەکان، هیچ کەسێک ناچار ناکرێت قەرزەکانی سەری بگەڕێنێتەوە و مووچەی کەفیلەکەی راناگیرێت یان لێی نابڕدرێت، بەڵام کەسێکیش بیەوێت، دەتوانێت پارە بگەڕێنێتەوە.
له ههرێمی كوردستان 28 بانكی پسپۆڕی ههن كه پێشینهی نیشتەجێبوون، قەرزی بچووک، خانووبەرە، هاوژینی، کشتوکاڵ، پیشەسازی و گەشتیارییان بە هاونیشتمانیان داوە. بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەری بانکە پسپۆرییەکانی وەزارەتی دارایی، 231 هەزار و 474 کەس پێشینەیان وەرگرتووە.
بەگوێرەی ئامارەکە پێدانی قەرز و وەرگرتنەوەکەی تاوەکو سەرەتای مانگی تەمموز بەمشێوەیەی خوارەوەبووە:
- پارێزگای ههولێر: 72 هەزار و 181 كهس، کە سەرجەمیان 1.4 تریلیۆن دیناریان دراوەتێ و تەنیا 597 ملیار دینار گەڕێندراوەتەوە و 811 ملیار دیناریش ماوە.
- پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە: 107 هەزار و 230 كهس له پێشینهكان سوودمهند بوون؛ 1.5 تریلیۆن دیناریان وهكو پێشینه پێدراوە؛ 857 ملیار دیناریان گەڕاندووەتەوە و 735 ملیار دیناریان لەلا ماوە.
- پارێزگای دهۆک: 52 هەزار و 63 كهس له پێشینهكان سوودمهند بوون؛ 1.04 تریلیۆن دیناریان وەکو پێشینە وەرگرتووە؛ 335 ملیار دیناریان گەڕاندووەتەوە و 684 ملیار دیناریشیان لەلا ماوە.