بەشێکی دیکە لە پارەی گەنمی جووتیارانی سلێمانی دابەش دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانیی دانەوێڵەی سلێمانی دەڵێت، 10 ملیاری دیناری دیکە لە پارەی گەنمی جووتیارانی سنوورەکەیان خراوەتە سەر هەژماری بانکەکەیان و لە سبەینێوە جووتیاران دەتوانن چەکی پارەکەیان وەربگرن.
نەسرین ئەحمەد عەلی، بەڕێوەبەری بازرگانیی دانەوێڵەی سلێمانی ئەمڕۆ یەکشەممە، 07-07-2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "سبەی ئەو جووتیارانەی پسوولەیان تاوەکو ژمارە 289ـە، دەتوانن سەردانی ژمێریاریی بەڕێوەبەرایەتیمان بکەن بۆ وەرگرتنی چەکی پارە".
ئەوە سێیەم بڕە پارەی گەنمی جووتیارانی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجەیە دابەش بکرێت. پێشتر لە دوو بڕی جیادا کە جارێک سێ ملیار و جارێکی دیکەش 10 ملیار دینار بووە پارە خراوەتە سەر هەژماری بەڕێوەبەرایەتی بازرگانیی دانەوێڵەی سلێمانی.
لە سنووری پارێزگای سلێمانی، بە پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕینەوە شەش سایلۆ هەن. نەسرین ئەحمەد دەڵێت: "تاوەکو ئەمڕۆ 178 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی ئەو شەش سایلۆیە وەرگیراونەتەوە".
وەرگرتنی گەنم لە هەرێمی کوردستان لە 06ـی مانگی رابردووەوە دەستیپێکردووە و بڕیارە بۆ ماوەی 45 رۆژ بەردەوام بێت.
بەپێی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، بەرهەمی گەنم لە هەرێمی کوردستان ساڵانە زیاتر لە یەک ملیۆن تۆنە. ئەم ساڵ بەگوێرەی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا، حکومەتی عێراق 700 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستان وەردەگرێت و بۆ هەر تۆنێک 850 هەزار دینار دەداتە جووتیاران.
بەپێی دابەشکاریی وەرگرتنی گەنم لەو بڕەی بۆ هەرێمی کوردستان دیاریکراوە، لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە 282 هەزار و 660 تۆن وەردەگیرێت، لە پارێزگای هەولێر 228 هەزار تۆن و لە پارێزگای دهۆک 189 هەزار تۆن وەردەگیرێت.
ساڵی رابردوو 500 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستان وەرگیرا. ساڵی 2022 بەهۆی وشكەساڵی و کەم بارانییەوە بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان کەم بوو، بۆیە حکومەتی عێراق بێ سنوور گەنمەکەی وەرگرت، کە زیاتر لە 300 هەزار تۆن بوو.