ئەنجامی هەڵبژادنەکان کاریگەری لەسەر ئابووری بەریتانیا دەبێت

رووداو - هەولێر 

بڕیارە رۆژی پێنجشەممە 7-6-2017، هەڵبژاردنی پێشوەختەی بەریتانیا بەڕێوەبچێت و ئەنجامی هەڵبژاردنەکانیش کاریگەری گەورەی لەسەر ئابووری ئەو وڵاتە و پرۆسەی جیابوونەوەی لە یەکێتی ئەوروپا دروستدەکات.


بەڕێوەبەری سەنتەری چاکسازی ئەوروپاش رایگەیاند، ئەگەر تیرێزا مەی زۆرینەیەکی کەمی هەڵبژاردنەکان بەدەستبهینێت، ئەوا ئەستەمە لە پرسە سەرەکییە ئابوورییەکان لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا بگاتە ئەنجام.
 
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، داوای هەڵبژاردنی پێشوەختەی کردووە بۆ ئەوەی دەستی لە دانوستاندنەکانی دەرچوونی بەریتانیا لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا بەهێزتربێت. 

ئەنجامی هەڵبژاردنیش هەرچییەک بێت کاریگەری گەورە لەسەر پرۆسەی دەرچوونی ئەو وڵاتە لە یەکێتی ئەورووپا و ئابووری بەریتانیا دادەنێت.

بەریتانیا 11 رۆژ دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردن دەست بە دانووستاندن دەکات لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا لەسەر ئەو بارە داراییەی کە دەرچوونی لە یەکێتییەکە بۆ ئەو وڵاتە دروستی دەکات.

سەرکردەکانی ئەوروپاش بە وریاییەوە چاودێری هەڵبژاردنی گشتی پێشوەختەی بەریتانیا دەکەن بۆ ئەوەی بزانن چ هەڵوێستێک لە دانوستاندنەکان بەرامبەر بەو وڵاتە بگرنەبەر.

چارڵز گرانت، بەڕێوەبەری سەنتەری چاکسازی ئەوروپا رایگەیاند "ئەگەر بەریتانیا سازش نەکات لەسەر بازاڕی یەکگرتووی ئەوروپا، ئەوا ناتوانێت بگاتە هیچ ئەنجامێک لە دانوستاندنەکانی لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا".

گرانت پێیوایە ئەگەر تێرێزا مەی لە هەڵبژاردنی پێشوەختە زۆرینەیەکی کەم بەدەستبهێنێت ئەوا ناتوانێت لەسەر پرسە سەرەکییە ئابوورییەکان لەگەڵ ئەوروپا بگاتە هیچ ئەنجامێک.
بەڵام ئەگەر هاتوو زۆرینەی پەرلەمانی بەدەستهێنا ئەوا بەپاڵپشتی پارلەمان ئاسانتر دەتوانێت سازش لەسەر ئەو پرسانە بکات.

ئەگەر پەرلەمانی بەریتانیا دابەشبێت بەسەر چەند بەرەدا و حکومەتی بەریتانیا پاڵپشتییەکی کەمی پەرلەمانی هەبێت، پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆن دەتوانن پێکەوە هاوپەیمانی پێکبهێنن و رێککەوتنی کۆتایی برێگزێت رەتبکەنەوە.

جێرێمی کۆربین، سەرۆکی پارتی کرێکارانی بەریتانیا هەر لە ئێستاوە رایگەیاندووە پارتەکەی دەنگی نەخێر دەداتە هەر رێککەوتنێک ئەگەر هاتووە بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی وڵاتەکەی لە بازاڕی یەکگرتووی ئەورووپادا نەپارێزرێت.

تیم فارۆن، سەرکردەی پارتی لیبراڵ دیمۆکراتیش داوای لە خەڵک کردووە دەنگ بە پارەتەکەیان بدەن بۆ ئەوەی رێگری بکەن لە دەرچوونی ئەستەمی وڵاتەکەیان لە یەکێتی ئەوروپا.


داڕشتنەوە؛ راوچی حەسەن