وەزیری وزەی توركیا ماوەی گرێبەستە نەوتییەكانی كوردستان ئاشكرادەكات

رووداو - هەولێر

وەزیری وزەی توركیا، لە لێداونێكیدا زانیاریی ورد دەدات لەسەر پێشڤەچوونەكانی پرۆسەی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان و ماوەی گرێبەستەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیاش ئاشكرا دەكات.

تانەر یڵدز، وەزیری وزەی توركیا، رایگەیاند كە ئێستا 2 ملیۆن و 200 هەزار بەرمیل نەوتی خاوی هەرێمی كوردستان گەیشتووەتە توركیا و رۆژانە 100 هەزار بەرمیلی نوێ دەگاتە وڵاتەكەی. پێیوایە كە لە 3 بۆ 4 رۆژی دیكەدا، دەستدەكرێت بە فرۆشتنی ئەو نەوتە. یڵدز ئەوەشی راگەیاند كە فرۆشیارانی نەوتە عێراقییەكان دەبن و توركیا تەنها ئەركی گواستنەوەی لەسەر شان دەبێت.

سەبارەت بە ماوەی گرێبەستەكانی هەرێمی كوردستان و توركیا یەڵدز ئاشكرایكرد كە بۆ 15 ساڵ رێكەوتنیان هەیە و توركیا پەیوەستە بە بەڵێنەكانییەوە، هەر بۆیە لەگەڵ ناردنی نەوت بۆ توركیا ئەوان هاریكار دەبن بۆ گەیاندنی نەوتەكە بۆ بازاڕەكانی جیهان.

لە لایەكی دیكەوە، وەزیری وزەی توركیا باسی لەوەشكرد كە دەنگۆی ئەوە هەیە كە نەوتی هەرێمی كوردستان بدرێتە كەرتی تایبەت و رایگەیاند كە توركیا لە نزیكەوە چاودێری ئەوە دەكات و خوازیاری كاركردنە لەو بوارەدا.