ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق 250 ملیار دینار بۆ کڕینی گەنمەشامی تەرخان دەکات


رووداو دیجیتاڵ 
  
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بەشێک لە سەربازگەی غەزلانی لە موسڵ بکرێتە شوێنی نیشتەجێبوون و 60 هەزار تۆن پەیین بکڕدرێت و 250 ملیار دیناریش بۆ کڕینی گەنمەشامی تەرخانبکرێت. 
 
رۆژی سێشەممە، 6-12-2022، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرۆکایەتیی دانیشتنی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی کرد و تێیدا دوایین پێشهاتەکانی وڵات تاوتوێکران و چەند بڕیارێکیش دران.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەکەی، سوودانی لەو دانیشتنەدا باسی لە پەیوەندییەکانی دەرەوەی عێراق کرد و جەختیکردەوە کە "سەردانەکانی دەرەوە، هاوکارە بۆ پێشخستنی پەیوەندییەکانی دەرەوە و دەبێت سەردانەکان بکرێنە پڕۆژەی کارکردنی راستەقینە".
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، "دەبێت وەزیرەکان لە سەردانەکانیاندا بۆ پارێزگاکان، داکۆکی لەسەر جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی ژێرخان بکەنەوە و بڕیارەکانیان لەگەڵ کارە لەپێشینەکانی حکومەت و بەرنامەی وەزاریی گونجاو بن".
 
لەچوارچێوەی پەرەپێدانی دۆخی کشتوکاڵی لە عێراق و بە مەبەستی پشتگیریکردنی جووتیاران لە وەرزی کشتوکاڵی ئێستا، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا: 
 
- راسپاردنی وەزیری کشتوکاڵ بۆ کڕینی 60 هەزار تۆن پەین کە نابێت نرخەکەی لە ملیۆنێک و 55 هەزار دینار بۆ هەر تۆنێک زیاتر بێت.
 
- پشت ببەسترێت بە کارگەکانی کەرتی تایبەتی رێگەپێدراو بۆ پاراستنی گەنمەشامی و راسپاردنی وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ ئەنجامدانی گرێبەستی راستەوخۆ لەگەڵیان و بەکارهێنانی فڕۆکەخانەکانی وەزارەتی بەرگری بۆ وەرگرتنی گەنمەشامی لەژێر چاودێریی وەزارەتی کشتوکاڵدا.
 
- لە بودجەی 2023 بڕی 250 ملیار دینار تەرخان بکرێت بە مەبەستی تەواوکردنی کڕینی گەنمەشامی بۆ وەرزی 2022. پێویستە لە یاسای بودجەدا دەقێک جێگیر بکرێت کە بەرهەمی گەنمەشامی بە خاوەنی ئاژەڵەکان بفرۆشرێت.
 
هەروەها ئەنجوومەنی وەزیران ئەم بڕیارانەی خوارەوەشی دەرکرد: 
 
یەکەم: رەزامەندی درا لەسەر هەموارکردنەوەی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران (287ـی ساڵی 2021 و 179ـی ساڵی 2022) و بەم شێوەیەی خوارەوە: 
 
ـ گواستنەوەی موڵکداریی 300 دۆنم زەوی لە سەربازگەی غەزلانی ( لە موسڵ) بۆ وەزارەتی ناوخۆ بەمەبەستی بەکارهێنانی بۆ ئامانج و مەبەستی دیکە کە نابێت بۆ کاری سەربازی بەکاربهێندرێت. هەروەها بەشی دیکەی زەوییەکە لە سەربازگەکە بۆ دروستکردنی پڕۆژەیەکی وەبەرهێنانی نیشتەجێ بەکاردەهێندرێت.
 
دووەم: رەزامەندی درا لەسەر راگەیاندنی فۆرمی تایبەت بە پڕکردنەوەی شوێنی ئەندامی ئەنجوومەنی راژەی فیدراڵی هەموارکراو.
 
ـ وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوون و شارەوانییەکان، رێککەوتنێکی پشتگیریکردنی دارایی لەنێوان گەشەپێدانی ئەڵمانی و حکومەتی عێراقی، بەزووترین کات واژۆ دەکات.