6 رۆژە بازاڕی بۆرسەی ئێران دادەبەزێت

رووداو دیجیتاڵ

بازاڕی بۆرسەی ئێران بۆ شەش رۆژی لە دوای یەکە دادەبەزێت، هەروەها بەهای تمەن بەرامبەر دۆلار بەردەوامە لە دابەزین و دۆلارێک بە زیاتر لە 62 هەزار تمەنە.
 
بەهۆی نیگەرانی لە تۆڵەکردنەوەی ئیسرائیل لە ئێران لە بەرامبەر هێرشە مووشەکییەکەی ئەو وڵاتە، بازاڕی بۆرسەی ئێران نزیکەی هەفتەیەکە ئاراستەی دابەزینی گرتووەتەبەر.
 
رۆژی شەممە (5-10-2024) بازاڕی بۆرسەی تاران 8 هەزار و 123 خاڵی لەدەستدا و، بۆ 2 ملیۆن و 106 خاڵ دابەزی.
 
دابەزینی بەهای بۆرسەی تاران لەکاتێکدایە؛ بەڕێوەبەرانی بۆرسەکە، بازنەی گۆڕانکاریی رۆژانەی ئەو بازاڕەیان سنووردار کردووە بە 1٪ و، لەوە زیاتر رێگە بە دابەزین یان بەرزبوونەوەی بەهای پشکەکان نادەن تاوەکو رێگە لە شۆکی بازاڕ بگرن.
 
لە دوای کوژرانی، حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا و هێرشی مووشەکیی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، بازاڕی بۆرسەی ئێران بەردەوامە لە دابەزین، بەجۆرێک 80٪ـی پشکی کۆمپانیاکان کە لە بۆرسەی تاران تۆمارکراون، بە دابەزین داخراون.
 
حوجەتوڵا سەیدی، بەڕێوەبەری بازاڕی بۆرسەی تاران دەڵێ تاوەکو لە ڕووی سیاسییەوە ئارامی نەگەڕێتەوە و مەترسییەکان لەنێو بازاڕ دا بمێنن، بەردەوام دەبن لە سنووردارکردنی گۆڕانکاری لە بەهای پشکەکان.
 
لەلایەکی دیکەوە بەهای تمەن بەرامبەر دۆلار بەردەوامە لە دابەزین.
 
بەپێی ماڵپەری نەڤەسان کە تایبەتە بە ئاڵوگۆڕی دراوەکان، یەک دۆلار بە 62 هەزار 250 تمەن مامەڵەی پێوە دەکرێت.