تیمی 'هەژماری من': هەژمارەکانی بانکی TBI هەژماری وەرگرتنی مووچەن نەک هەژماری کەسی

 
رووداو دیجیتاڵ

تیمی "هەژماری من" دەڵێت، هەژمارەکانی بانکی تی بی ئای هەمان ئەو هەژمارانەن کە لە پرۆسەی بەجێکردنی مووچەدا دەکرێنەوە.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 06-06-2024، تیمی پڕۆژەی "هەژماری من" بە رووداوی گوت، "ئەوانەی هەژماری تی بی ئایان هەیە، بەگوێرەی خشتەی کارەکانی بانکەکە بێت، دەبێت بۆ مانگی داهاتوو ئەی تی ئێم دابنێن و بەشێک لە مووچەخۆران لەوێوە مووچەکانیان وەربگرن". 
 
هەر ئەمڕۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بانکی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی (IDB) وەکو هەشتەمین بانک هاتە ناو پڕۆژەی "هەژماری من"، مووچەخۆران دەتوانن بە خواستی خۆیان بانکی دڵخوازی خۆیان لە ناو پڕۆژەکەدا هەڵبژێرن.
 
بەگوێرەی تیمی هەژماری من: "هەژمارەکانی تی بی ئای هەژماری وەرگرتنی مووچەن نەک هەژماری تاکە کەسی".
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، لەبارەی مووچەی هێزە ئەمنییەکان، هەفتەی داهاتوو شاندێک لە دیوانی چاودێریی دارایی عێراق سەردانی هەولێر دەکات و وردبینی لە لیستی مووچەکانیان دەکەن.