مووچەی مانگی نیسانی لیواکانی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە دابەش دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت، رۆژی پێنجشەممە مووچەی لیوا هاوبەشەکانی وەزارەتی پێشمەرگە دابەش دەکرێت.
لە راگەیێندراوی وەزارەتەکەدا هاتووە، هاوکاریی هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە خرایە سەر هەژماری وەزارەتی پێشمەرگە و دوای رێکارە دارایی و ژمێریارییەکان، بانکەکان ئاگادارکرانەوە کە پێنجشەممە، 9ـی ئایار مووچەی مانگی 4ـی لیواکانی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە دابەش بکرێت.
مووچەی مانگی ئاداری ئەو لیوا هاوبەشانە، 7ـی نیسان دابەشکرا.
سەرچاوەیەکی باڵا لە وەزارەتی پێشمەرگە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ژمارەی لیوا هاوبەشەکان گەیشتووەتە 30 لیوا و هاوپەیمانان مانگانە لەکاتی خۆیدا بڕە پارەی هاوکارییان بۆ دەنێرن.
وەکو پشتیوانییەک بۆ پێشمەرگە و یەکخستنەوەی یەکجاری هێزەکانی پێشمەرگە، هاوپەیمانان مانگانە نزیکەی 25 ملیۆن دۆلار دەدەنە وەزارەتی پێشمەرگە بۆ مووچەی ئەو لیوا هاوبەشانە.