دوای قسەکانی سوودانی لەبارەی مووچە؛ وەزارەتی دارایی چۆن مووچە دەدات؟
رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت، داوایان لە بەغدا کردووە 430 ملیار دیناریان بۆ بنێرێت بۆ ئەوەی دەست بە دابەشکردنی مووچە بکەن. دەشڵێت، "بە ئەگەرێکی زۆرەوە، ناوەڕاست یان کۆتایی هەفتەی داهاتوو، لیستی مووچەی مانگی 10 رادەگەیێندرێت."
ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 05ـی کانوونی یەکەمی 2024) سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کێشەی مووچە ئەوەیە؛ تەرخانکراوەکانی هەرێمی کوردستان بۆ بودجەی عێراق لە دەرگەی مووچە تێیپەڕاندووە، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان داوای کردووە، لە بەشەکانی دیکەی بودجە گواستنەوە بۆ مووچە بکرێت."
ئەو سەرچاوەیە گوتی، "داوامان کردووە 430 ملیار دینار بۆ مووچە بگوازرێتەوە، ئەگەر رۆژی یەکشەممە لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراق رەزامەندیی لەسەر بدرێت، دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەوکات پێویستە حکومەتی عێراق نزیکەی 130 ملیار دیکە بۆ مووچەی مانگی 10 بنێرێت، بە هەمانشێوە بۆ مانگی 11 و 12ـش."
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، کە رۆژی چوارشەممە (4-12-2024) لە پەرلەمان بوو، رەتیکردەوە ئەو داواکارییەی هەرێمی کوردستان (گواستنەوەی پارە) بۆ مووچە جێبەجێ بکەن. سوودانی گوتی چاوەڕێی هەموارکردنی یاسای بودجە دەکەن، بۆ ئەوەی ئەو کێشەیە چارەسەر ببێت.
رۆژی 01-12-2024 وەزارەتی دارایی عێراق 760 ملیار دیناری بۆ مووچەی مانگی 10ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خەرجکرد، بەڵام بەهۆی کورتهێنانەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان پارەکە دابەش ناکات.
ئەو سەرچاوەیەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان گوتی "ئەگەر بەغدا نزیکەی ئەم 130 ملیارەش بنێرێت، کورتهێنانەکە کەم دەبێتەوە، بەڵام بەتەواوی پڕناکرێتەوە و کورتهێنان دەمێنێت، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بڕیاری لەسەر دەدات کە چۆن چارەسەری بکات".
هەرچەندە وەزارەتی دارایی چاوەڕێیە بەغدا کێشەی کەمیی پارەی مووچە چارەسەر بکات، بەڵام بەپێی سەرچاوەکەی رووداو لەئەگەری نەنانی ئەو هەنگاوە لەلایەن بەغداوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان خۆی هەوڵی چارەسەرکردنی کورتهێنانەکە دەدات.
سەبارەت بە کاتی راگەیاندنی لیستی مووچەی مانگی 10، سەرچاوەکەی وەزارەتی دارایی گوتی "ئێمە چاوەڕێی گواستنەوەی پارەین بۆ مووچە، بە ئەگەرێکی زۆرەوە ناوەڕاست یاخود کۆتایی هەفتەی داهاتوو لیستی مووچەی مانگی 10 رادەگەیێندرێت."
رۆژی 18-10-2024 دەست بە دابەشكردنی مووچەی مانگی ئەیلوول کرا، ئەمڕۆ 48 رۆژ بەسەر دابەشکردنی دوایین مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تێدەپەڕێت و، دیار نییە کەی مووچەی مانگی 10 دابەش دەکرێت.